هه‌ینی , 3 ئایار 2024
وته زێڕینه كان

 

مەدینە

ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئیسلام كورد

مەدینە (بە عەرەبی:المدینة المنورة) یەکێک لە شارەکانی عەرەبستانی سەعوودییە کە لە ناوچەی حیجاز ھەڵکەوتووە كه‌تیایدا ئیسلام په‌ره‌ی سه‌ندوه‌و گه‌شه‌ی كردوه‌و بڵاو بۆ ته‌وه‌ ، وە شاری مەدینە بەیەکەم پایتەختی دەوڵەتی ئیسلام دادەنرێت ، شاری مەدینە نزیکەی ٤٠٠ کم دوورە لەشاری مەککەەوە دوورە

ناوی مەدینە

پێشت ١٦٠٠ ساڵ لەهاتنی پێغەمبەری ئیسلام (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ناوی ئەم شارە یەسریب بوو کەبەمانای مانگا دێت ، دواتر پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  ناوەکەی گۆڕی بۆ مەدینە کەبەمانای شار دێت


 

ڕووی گەشتیاری و ئابووری

بەوەی مەدینە یەکەم پایتەختی دەوڵەتی ئیسلام بوو بۆتە شارێکی گرنگ لەلایەن مووسڵمانانی ئێستا و ڕابردوو وە ساڵانە بە چەندەها مووسڵمان سەردان شارەکە دەکەن بەمەبەستی گەیاندنی حەج و عەمرە ، ئەمەش بە یەکێ لە بنچینەکانی داهاتی شارەکە دادەنرێت


 

شوێنەوارەکانی شارەکە

چیاکان

شاری مەدینە چەند شاخێکی تیایە لەوانە:

  • چیای ئەحەد
  • چیای وەرقان
  • چیای سلع
  • چیای ڕایە

مزگەوتەکانی مووسڵمانان

  • مزگەوتی پێغەمبەر
  • مزگەوتی قووبا
  • مزگەوتی قبلتین
  • مزگەوتی فەتح
  • مزگەوتی عەلی کوڕی تاڵیب
  • مزگەوتی دوو خەلیفە

گۆڕستانی بەقیع

ئەو گۆڕستانەیە کە گۆڕی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) و خەلیفەکان ڕایشیدین و زۆرینەی شوێنکەوتوانی ئیسلام کە لەسەر دەمی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  کە مووسڵمان بوون ، وە لەئێستا و ڕابردوودا ئەو کەسانەی لە مەدینە کۆچی دوایی دەکەن لەم گۆڕسانە دەنێژرێن وەک ڕێزێک بۆیان



مزگەوتی پێغەمبەر

مزگەوتی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)، بە عەرەبی المسجد النبوی ، مزگەوتی پێغەمبەری ئیسلام محەمەدە (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) و ئارامگەکەی لە خۆ دەگرێت، و بە دووەم شوێنی پیرۆز دادەنرێت لەلای موسڵمانان لە دوای مزگەوتی حەرام لە مەککە، مزگەوتی پێغەمبەر ئەکەوێتە شاری مەدینەی پیرۆز لە خۆرائاوای شانشینی عەرەبی سعودیە، و ئەم مزگەوتە یەکێک لەو سێ مزگەوتەی گەشتیارانی ئیسلام ڕووی تێدەکەن. و موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە نوێژێک تیایدا بەرامبەر هەزار نوێژە لە مزگەوتی تردا بێجگە لە مزگەوتی حەرام، ئاماژەش بەمەکراوە لە فەرموودەیەکی پێغەمبەر محەمەددا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم).

قۆناغەکانی بنیاتنانی مزگەوتەکە

لەسەردەمی پێفەمبەر محەمەددا

کاتێک پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) گەیشتە مەدینە لە ڕەبیعول ئەوەلی ساڵی یەکەمی کۆچەکەییدا، زەوییەکی کڕی لە ناوەڕاستی شارەکەدا و هەڵیبژارد بۆئەوەی مزگەوتێک بێت موسڵمانان تیایا کۆببنەوە بۆ ئەنجامدانی نوێژ و پەرستشەکانیان، لەگەڵ هاوەڵەکانی دەستیان کرد بە بنیاتنانی، درێژی زەوییەکە حەفتا باڵ و پانییەکەی شەست باڵ بوو، کە دەکاتە نزیکەی ٣٥ مەتر درێژی و ٣٠ مەتر پانی.

فراوانکردنی مزگەوتەکە لە سەردەمی پێغەمبەر

ژمارەی موسڵمانان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیادی ئەکرد لە مەدینە بەهۆی کۆچکردن بۆی، و مزگەوتی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) تەسک بوو بۆ نویژکەران، و پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) بڕیاری دا ڕووبەرەکەی فراوان بکات، و لە دوای فەتحی خەیبەر دەستیان کرد بە فراوانکردنی لە ساڵی ٧ی کۆچی، ٤٠ باڵ لە پانی فراوانیان کرد و هەروەها ٣٠ باڵ لە دریژییەکەی، بەمەش شێوەیەکی چوارگۆشەیی وەرگرت و بوو بە سەد باڵ بە سەد باڵ، و عوسمانی کوڕی عەفان ئەم پارچە زەوییەی کڕی کە بۆیان زیاد کرد.

فراوانکردنی لە سەردەمی عومەری کوری خەتاب

کاتێک ژمارەی موسڵمانان زیادی کرد بە هۆی فەتحە ئیسلامییەکان و فراوانبوونی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب هەستا بە فراوانکردنی مزگەوتی پێغەمبەر(صلی الله‌ علیه‌ وسلم)، و ئەمەش یەکەم فراوانکردن بوو دوای ئەوەی پێغەمبەر محەمەد بنیاتی نا و قراوانی کرد، لە ساڵی ١٧ی کۆچی خەلیفە عومەری کوری خەتاب هەستا بە جێبەجێکردنی بیناسازییەکی گەورە لە مزگەوتی پیغەمبەردا، بەرزی و پانی و درێژییەکەی زیاد کرد و بەگشتی پانییەکەی بوو بە ١٢٠ باڵ و درێژییەکەی بە ١٤٠ باڵ و بە هەمان شێوە و کەرەستەی سەردەمی پێغەمبەر بنیاتی نا.


 

فراوانکردنی لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەفان

ئەو زیادکردنە خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب ئەنجامی دا بەشی نوێژکەران و سەردانکەرانی نەئەکرد، خەلیفە عوسمانی کوڕی عەفان هەستا بە فراوانکردنی مزگەوتەکە، لە ساڵی ٢٩ی کۆچیی و خۆی سەرپەرشتی بیناکردنەکەی ئەکرد، و گۆڕانکاری ئەنجامدا لە شێوەی مزگەوتەکەدا و فراوانکردنەکەی بەم شێوەیە بوو؛ ١٠ باڵی بۆ زیاد کرد لە ڕووی قیبلەوە و ٢٠ باڵ لە باکوورەوە و ١٠ باڵ لە خۆرئاواییەوە، و بەم شێوەیە مزگەوتەکە مایەوە تا سەردەمی ئەمەوییەکان.


 

فراوانکردنی لە سەردەمی ئەمەوییەکان

مزگەوتی پێغەمبەر بەو شێوەیە مایەوە کە خەلیفە عوسمانی کوڕی عەفان بنیاتی نابوو تا هاتنی خەلیفەی ئەمەوی وەلید کوڕی عەبدول مەلیک بە پێویستی زانی دووبارە مزگەوتەکە بنیات بنرێتەوە، والیەکەی لە شاری مەدینە عومەری کوڕی عەبدول عەزیزی ڕاسپارد بە بنیاتنانی مزگەوتەکە لە هەر چوار لاوە و فراوانکردنی، و ئەوەش بە کردار لە ساڵی ٨٨ تا ٩١ی ک خایاند، و گۆرانکاری لە شێوەکەیدا کرد و چوار منارەی بۆ مزگەوتەکە دانا، و بە گشتی لە ڕووی خۆرئاواوە بیست باڵیان بۆ زیادکرد و لە ڕۆژهەڵاتەوە نزیکەی سی باڵ و لە ڕووی باکوورەوە نزیکەی دە باڵ زیاد کران.


 

فراوانکردنی لە سەردەمی عەبباسییەکان

گرنگیدانی خەلیفەکان بە مزگەوتی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) زیادی کرد، هەستان بە چاکسازی و بنیاتنانەوەی و بەو شێوەیەی سەردەمی وەلیدی کوری عەبدول مەلیکی ئەمەوی مایەوە، هەتا خەلیفەی عەبباسی مەهدی ڕۆیشت بۆ حەج و سەردانی مەدینەی کرد و کە مزگەوتەکەی بینی فەرمانی کرد بە بیناسازییەکی تەواو و فراوانکردنی مزگەوتەکە، و تەنها لە ڕووی باکوورەوە زیادی کرد و ئەمەش لە ساڵی ١٦١ک دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٦٥ک بەردەوام بوو، و بڕی زیاد کردنەکەش سەد باڵ بوو، هەروەها چاکسازی و چاککردنەوەیان ئەنجامدا لە ناو مزگەوتەکە.

لە سەردەمی مەمالیکەکان

لە ساڵی ٦٥٤ک بۆ یەکەم جار مزگەوتی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) سووتا، خەلیفەی عەبباسی موستەعسیم بیلا لە ساڵی ٦٥٥ک هەستا بە بنیاتنانەوەی مزگەوتەکە، بەڵام تەواو نەکرا بە هۆی ڕووداوی غەزووی مەغۆل بۆ بەغدا و کوژرانی خەلیفە لەو کاتانەدا، لەبەرئەوە سوڵتانی میسر و یەمەن تەواوکردنی پڕۆژەکەیان گرتە ئەستۆ، و سوڵتان زاهیر بێبرس ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لەمەدا، بەمەش کارووباری شارەکە کەوتە دەستی مەمالیکەکانی میسر و هەستان بە چەند ئیشێک لە مزگەوتی پێغەمبەردا.

لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ٨٨٦ک بۆ جاری دووەم مزگەوتی پێغەمبەر سووتا، و ئەشرەف قایتبای بڕیاری بیناکردنەوەیەکی تەواوی مزگەوتەکەی دا، و فراوان کرا بە بڕی نزیکەی دوو باڵ لە ڕۆژهەڵاتییەوەو سەقفی بۆ دروستکرا لە ساڵی ٨٨٨ک و بیناکردنەوەکەی تەواو بوو لە دەوروبەری ساڵی ٨٩٠ک.


 

لە سەردەمی عوسمانییەکان

عوسمانییەکان وەک خەلیفە و سوڵتانەکانی تر بایەخیکی زۆریان دا بە مزگەوتی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)، و سوڵتان سولەیمان قانونی هەستا بە ئەنجامدانی چاکسازی لە مزگەوتەکەدا، لە ساڵی ٩٤٠ک و ٩٤٧ک چەند نوێکردنەوە چاککردنەوەیکی بۆ مزگەوتەکە ئەنجامدا بە شێوەیەکی جوانتر و گشتگیرتر.

ژمارەیەکی تر لە سوڵتانە عوسمانییەکان چاکسازییان لە مزگەوتەکەدا کرد لەوانە سوڵتان عەبدول حەمیدی یەکەم لە ساڵی ١٢٦٥ک بیناکردنەوەیەکی تەواوی بۆ مزگەوتەکە ئەنجامدا و بەردەوام بوو تا ساڵی ١٢٧٧ک، ئەمەش چاکسازییەکی تەواو بوو و کرێکارەکان بەشێکیان تێک ئەدا و بنیاتیان ئەنایەوە ئینجا بەشێکی تریان چاک ئەکرد تا نوێژکردن تیایدا نەوەستێت.


 

لە سەردەمی سعوودییدا

حکومەتی سعودیە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتەکەیەوە گرنگی داوە بە مزگەوتی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)، لە سەردەمی دامەزرێنەری دەوڵەتەکە مەلیک عەبدول عەزیز تا کاتی ئێستا، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی موسڵمانان و ئەوانەی سەردانی ئەو شوێنە پیرۆزە دەکەن، مزگەوتەکە تەسک بوو بۆ سەردانکەرەکانی لەبەرئەوە چەندیین جار چاکسازی و فراوانکردنی بۆ کراوە. لەگەڵ زیادکردنی ڕووبەرە نوێکان بۆ مزگەوتەکە و بە گشتی، تێکڕای ڕووبەری سەرەکی زەوی مزگەوتی پێغەمبەر(صلی الله‌ علیه‌ وسلم) نزیکەی ٩٨،٥٠٠ مەتری چوارگۆشەیە.


 

بەشەکانی مزگەوتەکە

گرنگترین بەشەکانی مزگەوتی پیغەمبەر ئەم بەشانەی خوارەوەن؛

  • مینبەری پێغەمبەر محەمەد
  • باخچە (الروضة)
  • حوجرەی پێغەمبەر
  • دیواری پێنج ڕوویی
  • قوبەی سەوز (القبة الخضراء)
  • کتێبخانەی مزگەوتی پێغەمبەر

بانگ بێژەکانی مزگەوتی پێغەمبەر

بانگ بێژەکانی مزگەوتی پێغەمبەر لە سەردەمی پێغەمبەر محەمەددا ئەمانەی خوارەوە بوون؛

  • بیلال کوری ڕەباح
  • سەعد کوری ئەبی وەقاس
  • ئیبن ئوم مەکتوم
  • ئەبومەحزوورە.

748 total views, 1 views today

About mamostamahde

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Facebook

Free Web Hosting