پێنج شه‌ممه‌ , 25 نیسان 2024
وته زێڕینه كان


مەککە

ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئیسلام كورد

مەککە یان مەککەی پیرۆز، بە عەرەبی مكة المكرمة، شارێکی پیرۆزە لای موسڵمانان، مزگەوتی حەرامی تیایە لەگەڵ کەعبە کە بە قیبلەی موسڵمانان دادەنرێت لە نویژەکانیاندا، مەککە ئەکەوێتە حیجازەوە لە شانشینی سعودیە، و پایتەختی ناوچەی مەککەیە، نزیکەی ٤٠٠ کیلۆمەتر لە مەدینەوە دوورە لە ئاڕاستەی باشووری ڕۆژئاواییدا، و نزیکەی ١٢٠ کم لە تائیفەوە دوورە لە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتیەەوە، و لە دووری ٧٢کم لە شاری جددە و کەنارەکانی دەریای سوور، و نزیکترین بەندەر لێوەی بەندەری جددەی ئیسلامییە، و نزیکترین فڕۆکەخانە لێوەی فڕۆکەخانەی مەلیک عەبدول عزیزی نێودەوڵەتییە، مەککە ئەکەوێتە یەکتربڕینی پلەی پانی ٢٥/٢١ باککوری، و درێژی ٤٩/٣٩ی ڕۆژهەڵاتی، و ئەم شوێنەش بە یەکێک لە قورسترین پێکهاتووە جیۆلۆجییەکان دادەنرێت، ڕووبەری شاری مەککە ٥٥٠ كم²، ٨٨ كم² خەڵکی تێدایە، و ڕووبەری ناوەندی ناوچەی مزگەوتی حەڕام نزیکەی ٦ كم²، و بەرزی مەککە لە ئاستی دەریاوە نزیکەی ٣٠٠ مەترە.


مێژووی دامەزراندنی مەککە ئەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایینی، و لە سەرەتادا گوندێکی بچوک بوو ئەکەوتە دۆڵێکی ووشکەوە و لە هەر چوارلاوە دەورە دراوە بە شاخ، پاشان خەڵک نیشتەجێبوون تیایدا لە سەردەمی پێغەمبەر ئیبراهیم و پێغەمبەر ئیسماعیل، ئەمەش دوای ئەوەی پێغەمبەر ئیبراهیم هاجەری خێزانی و ئیسماعیلی کوڕی بە جێ هێشت لە دۆڵە بیابانییە وشکەدا، ئەمەش بە گوێڕایەڵی بۆ فەرمانی خوا بوو، لە دۆڵەکەدا مانەوە تا بیری زمزم هەڵقوڵا، پاشان لە دوای ئەوە یەکەم هۆزە لە مەککە جێگیر بوون هۆزی جرهم بوون، یەکێک لە هۆزە یەمەنییە کۆچەرەکان بوون، و هەر لەو ماوەیەدا پایەکانی کەعبە بەرزکرایەوە لەسەر دەستی پیغەمبەر ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی.


بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٧، ژمارەی دانیشتوانی مەککە نزیکەی ١٧٠٠٠٠٠ کەسە، دابەشبوون لە لاکانی مەککەی کۆن و نوێدا، مەککە چەندین شوێنەواری پیرۆزی ئیسلامی لە خۆ دەگرێت، کە گرنگترینیان مزگەوتی حەرامە و بە لای موسڵمانانەوە پیرۆزترین شوێنە لە جیهاندا، لەبەر ئەوەی کەعبەی پیرۆزی قیبلەی موسڵمانان لە خۆ ئەگرێت، لەگەل ئەوەشدا مەککە شوێنی مەبەستی موسڵمانانە لە وەرزی حەج و عومرەدا.

 

 

مزگەوتى حەرام


مزگەوتی حەرام، مەزنترینە مزگەوتە لە ئیسلامدا و ئەکەوێتە شاری مەککە لە حیجاز لە شانشینی عەرەبی سعودی، کەعبەی پیرۆز لە ناوەڕاستیایەتی کە یەکەم ماڵ بوو بۆ خەڵک لەسەر ڕووی زەوی تا خواپەرستی تیا بکەن بە پێی بیروباوەڕی ئیسلامی، مەزنترین و پیرۆزیترین شوێنە لەسەر ڕووی زەوی لای موسڵمانان، هەروەها مزگەوتی حەرام قیبلەی موسڵمانانە لە نوێژەکانیاندا، ناونراوە بە مزگەوتی حەرام لەبەرئەوەی کوشتار تێیدا حەرام کرا دوای ئەوەی پێغەمبەر محەمەد بە سەرکەوتوویی چووە مەککەوە، و موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە نوێژ تیایدا بەرامبەر سەد هەزار نوێژە.

لە قورئاندا هاتووە؛ “إِنَّ أَوَّلَ بَیْتٍ وُضِعَ لِلنَّاسِ لَلَّذِی بِبَكَّةَ مُبَارَكًا وَهُدًى لِّلْعَالَمِینَ “[١]، واتە؛ به‌ڕاستی یه‌که‌م خانه و ماڵ و مه‌نزڵگه‌یه‌ک که بۆ خه‌ڵکی دانرا له‌سه‌ر زه‌وی (بۆ خواپه‌رستی) ئه‌وه‌یه له مه‌ککه‌دایه‌، که پیرۆزه و هیدایه‌ت و ڕێنموویی به‌خشه بۆ هه‌موو خه‌ڵکی جیهان.

و مزگەوتی حەرام یەکێکە لەو سێ مزگەوتەی کە گەشتیاران ڕووی تێدەکەن، پێغەمبەری ئیسلام محەمەد فەرموویەتی گەشتیاران دەرناچن تەنها بۆ سێ مزگەوت نەبێت؛ مزگەوتی حەڕام، و ئەم مزگەوتە (مەبەستی مزگەوتی پێغەمبەرە)، و مزگەوتی ئەقسا.


 

بەشەکانی مزگەوتی حەرام

مزگەوتی حەرام ئەمانەی خوارەوە لە خۆ دەگرێت؛

  • کەعبەی پیرۆز
  • شوێنی ئیسماعیل
  • بیری زمزم
  • شوێنگەی ئیبراهیم
  • سەفا و مەڕوە
  • شوێنی تەواف
  • بەردە ڕەشەکە.

مزگەوتی حەرام بە درێژایی سەردەمەکان

پێش ئیسلام

بە پێی بیروباوەڕی ئیسلامی، بنیاتنانی کەعبە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئادەم، بەڵام تێکدراوە بە درێژایی ساڵەکان تا خوا سروشی نارد بۆ ئیبراهیم بە شوێنی ماڵەکە، لە قورئاندا هاتووە، (وإذ بوأنا لإبراهیم مكان البیت أن لا تشرك بی شیئاً وطهر بیتی للطائفین والقائمین والركع السجود)[٢]، واتە؛ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) به‌یاد بێنه‌) کاتێك شوێنی که‌عبه‌مان دیاری کرد بۆ ئیبراهیم (دوای ته‌واوبوو‌نی، فه‌رمانمان پێدا) که هیچ جۆره هاوه‌ڵێکم بۆ بڕیار نه‌ده‌یت و (بیکه به بنکه‌ی یه‌کخواناسی) و ماڵی من پاك بکه‌ره‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ده‌وریدا ده‌سوڕێنه‌وه‌، یاخود به پێوه‌ن یان له کڕنووش و سوژده بردندان[٣].
بەم شێوەیە خوا فەرمانی کرد بە ئیبراھیم بۆ بنیاتنانی ماڵی حەرام و قورئان باسی بنیتانی کردووە لەلایەن ئیبراھیم و ئیسماعیلی کوڕی. پاشان جوبڕەیل بەردەڕەشەکەی ھێناوە کە یەکەم جار ڕەش نەبووە، بەڵکو سپی بووە. پاشان کەعبە بنیاتنرایەوە لە سەردەمی قوڕەیش، دوای ساڵی فیل بە نزیکەی سی ساڵ دوای ئەوەی ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەیەک ڕوویدا تیایدا، قوڕەیش ھەستان بە بنیاتنانەوەی.

سەردەمی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)

دوای ئەوەی پێغەمبەر محەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فەتحی مەککەی کرد، ھەستا بە لابردنی بتەکانی دەوروبەری کەعبە، بەرگی بۆ ئەکرد و بۆنخۆشی ئەکرد، بەڵام ھەڵنەسا بە گۆڕانکاری بینای کەعبە و دەروبەری و ھەروەھا کەعبەی نە گەڕاندەوە وەک سەردەمی ئیبراھیمی لێ بکات.


 

سەردەمی خەلافەتی ڕاشدین

مزگەوتی حەرام وەک خۆی مایەوە بە درێژایی سەردەمی خەلیفە ئەبووبەکر، پاشان ساڵی حەوتی کۆچی، خەلیفە عومەر کوڕی خەتتاب ھەستی کرد موسڵمانان پێویستیان بە فراوانکردنی مزگەوتی حەرامە دوای ئەوەی ژمارەی حەجاجەکان زیادی کرد ساڵانە، ماڵەکانی دەوروپشتی مزگەوتەکەی کڕی، و گۆڕەپانی تەوافی پی فراوان کرد، و دەرگای بۆ دانا بۆ چوونە ژوورەوەی حەجاجەکان و ئەوانەی بۆ عومرە تەواف دەکەن بە دەوری کەعبەی پیرۆزدا.

و عومەر یەکەم کەس بوو کە مەقامی ئیبراھیمی جیاکردەوە لە دیواری کەعبە، پێشتر پێوەی نووسا بوو، ئەمەش بوو بە ھۆی ئاسان بوونی تەواف و پارێزگاری کردنی مەقامی ئیبراھیم، پاشان لە سەردەمی خەلیفە عوسمان کوڕی عەفان، ساڵی ٢٦ک، عوسمان ھەستا بە فراوانکردنی مزگەوتەکە جارێکی تر و ھۆڵێکی بۆ دروستکرد و یەکەم کەس بوو ئەمەی بۆ بکات.

موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە مزگەوتی حەرام ئەو شوێنەیە کە پێغەمبەر محەمەد لێوەی دەستی بە ئیسرا کرد بۆ مزگەوتی ئەقسا وەک لە سورەتی ئیسرادا ھاتووە، :”سُبْحَانَ الَّذِی أَسْرَی بِعَبْدِھِ لَیْلاً مِنْ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَی الْمَسْجِدِ الأَقْصَی الَّذِی بَارَکْنَا حَوْلَھُ لِنُرِیَھُ مِنْ آیَاتِنَا إِنَّە ھُوَ السَّمِیعُ الْبَصِیرُ”.[٤]، واتە؛ پاکی و بێگەردی و ستایش بۆ ئەو زاتەی کە شەوڕەوی کرد لە بەشێکی کەمی شەودا بەبەندەی خۆی (محمد) لە مزگەوتی (حەرام، کەعبەی پیرۆزەوە) بۆ مزگەوتی ئەقسا لە (بیت المقدس) کە دەوروبەریمان پیرۆزو پڕ بەرەکەت کردووە، تا ھەندێک نیشانەو بەڵگەو دەسەڵاتداری و توانایی خۆمانی نیشان بدەین، بەڕاستی ئەو زاتە بیسەرو بینایە.


 

دەرگاکانی

یەکەم دەرگای مزگەوتی حەرام، دەرگای بەنی شەیبە بووە ئەگەڕێتەوە بۆ شەیبە کوڕی عوسمان حەجەبی کارگوزاری کەعبەی پیرۆز، لەبەرئەوەی بە دیواری ماڵەکەیەوە بووە و بە دەرگایە ئەوترێت، دەرگای ئاشتی (سەلام)

و پێغەمبەر محەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) لەم دەرگایەوە چۆتە ژوورەوە لەبەرئەوەی بەرامبەری کەعبەیە لە پێش مەقامی ئیبراھیم.


 

دەروازەکانی

دەرگاوانەکان ئەوانەن کە دادەنیشن لە بەردەم دەرگای مزگەوتی حەرام بۆ پاسەوانی کردنی و پاراستنی لە ھەر خراپەیەک.

بە شێوەیەکی گشتی دەرگاوانەکان خەڵکی ئاسایین، تا ساڵی ٨٣٠ک بڕیارێک دەرچوو بە کردنەوەی دەرگاکانی مزگەوتی حەرام و ئەو دەرگاوانانە لابران کە لە قازی و زاناکان بوون، و لە جێگەیاندا ھەژار و کەم دەرامەتەکان دانران.

ئێستا ژمارەی دەرگاکانی مزگەوتی حەرام ٢٥ دەرگایە، چواریان سەرەکین؛

  • دەرگای مەلیک عەبدول عەزیز
  • دەرگای مەلیک فەھد
  • دەرگای فەتح
  • دەرگای عەمرە

لە دەرگا لاوەکییەکان؛ دەرگای ئەجیاد و بیلال و حەنین و ئیسماعیل و سەفا و بەنی ھاشم و عەلی و عەباس و دەرگای نەبی و سلام و بەنی شەیبە و حەجون و موعلا و مودەعا و مەڕوە و موحسەب و عەرەفە و قەرارە و فەتح و دەرگای عومەر و نەدوە و شامی و قودس و مەدینە و حودەیبیە.



 

سەرچاوەکان

  1.  سورەتی ئال عیمران، ئایەتی ٩٦
  2.  سورەتی حەج، ئایەتی ٢٦
  3.  سایتی تەنزیل
  4.  سورتی ئیسرا، ئایەتی ١

650 total views, 1 views today

About mamostamahde

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Facebook

Free Web Hosting