شه‌ممه‌ , 27 نیسان 2024
وته زێڕینه كان

پایه‌كانی ئیسلام


ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئیسلام كورد

بنەمای ئیسلام پێنج ڕوکنی بنەڕەتیە کە بە ئەڕکانەکانی ئیسلام ناو دەبرێن، موسڵمان باوەڕی پێیەتی و ئیشی پێ ئەکات، و گرنگی ئەم پێنج ئەڕکانە دەرئەکەوێت لە پێناسەکردنی موسڵمان لەم فەرمودەیەی پێغەمبەری (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ئیسلامدا؛ لە ئەبوعەبدول ڕەحمان عەبدوڵڵا کوڕی عومەر کوڕی خەتتاب (خوای لێ ڕازی بێت) گێڕدراوەتەوە؛

سمعت رسول الله صلى الله علیه وسلم یقول: بنی الإسلام على خمس: شهادة أن لا إله إلا الله وأن محمدا رسول الله، وإقام الصلاة، وإیتاء الزكاة، والحج، وصوم رمضان

واتە؛ گوێم لە پێغەمبەر بوو درودی خوای لێبێت ئەیفەرموو؛ ئیسلام لەسەر پێنج بنەما بنیاتنراوە؛ شایەتمانی ھیچ خوایەک نیە بێجگە لە ڕللە و محەمەد پێغەمبەری خوایە, و نوێژکردن و زەکات دان و حەج و ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان.


 

شایەتمان

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : شایه‌تمان

 

شایەتمان یەکەم ئەڕکانی ئیسلام و گرنگترینیانە, ئەو کلیلەیە کە مرۆڤ پێی دەچێتە ناو بازنەی ئیسلامەوە, بەشی یەکەمی ” لا إلە إلا اللە “یە کە مانای ئەوەیە کاتێک مرۆڤ بە زمانی ئەیڵێت لە ھەمان کاتدا بە دڵی بڕیار ئەدات کە ھیچ خوایەک نیە بێجگە لە اللە و موسڵمان پشت بە ئەو ئەبەستێت، ھەروەک شایەتمان پابەندی باوەڕبوونی مرۆڤ ئەکات بەوەی کە ھیچ دروستکارێک نیە بۆ ئەم گەردوونە تەنھا خوا(اللە) نەبێت کە تاک و تەنھایە و ھاوەڵی نیە و ھپچ خواوەندێکی تر لەگەڵیدا ناپەرسترێت.

و شایەتمانی محەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) پێغەمبەری خوایە, مانای ئەوە ئەگەیەنێت کە باوەڕداریت بەوەی پێغەمبەر محەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) نێردراوە بە ڕەحمتێک بۆ خەڵک، مژدەدەر و وریاکەرەوەی ھەموو دروستکراوانە، و شەریعەتەکەی وک شەریعەتەکانی پێشترە، ھەروەک باپەندی مرۆڤ ئەکات کە فێر بێت لە پێغەمبەرەوە و فەرمان بە وانە بکات کە پێغەمبەر فەرمانی پێکردووە و ڕێگە لەوانە بگرێت کە ڕێگەی لێگرتووە.

جێگەی تێبنیە کە لە شایەتماندا یەک بنەمای ڕوون ھەیە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پەرستش تەواو نابێت تەنھا لە دوو شتدا نەبێت؛ دلسۆزی پەرستن بۆ خوا، و پەیڕەوکردنی ڕێگەی پێغەمبەر لە پەرستندا و دەرنەچوون لە سوننەتەکەی بۆ نەتەوەی ئیسلام.


 

نوێژکردن

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : نوێژ

 

نوێژ دادەنرێت بە پەیوەندی نێوان بەندە و پەروەردگاری، و جێگەیەکی مەزنی ھەیە لە ئیسلامدا، و ئیسلام نوێژ دادەنێت بە یەکەم شت کە مرۆڤ لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت دەربارەی لە ڕۆژی دواییدا، ھەروەک ھێمای جیاکەرەوەی نێوان موسڵمان و بێباوەڕە, ئەمەش ڕوون ئەبێتەوە لە فەرموودەیەکی پێغەمبەردا کە لە جابرەوە گێردراوەتەوە؛ پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فەرموویەتی؛ (لە نێوان پیاو ولە نێوان ھاوەڵدانان وبێباوەڕیدا وازھێنان لە نوێژ ھەیە), ئەمەش فەرمودەکەیە بە عەرەبی؛ أن النبی صلى الله علیه وسلم قال: “إن بین الرجل وبین الشرك والكفر ترك الصلاة” (رواه مسلم).

موسڵمان پێنج نوێژی ڕۆژانەی لەسەر فەڕزکراوە (بەیانی، و نیوەڕۆ، و عەسر، و ئێوارە، و خەوتن) و زۆر نوێژی خۆبەخشانەی تر ھەیە، و پێویستە لەسەر موسڵمان نوێژەکانی لە کاتی دیاریکروی خۆیدا بکات بەو شێوەیەی کە پێغەمبەر محەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ئەنجامی داوە.


 

زەکات

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : زه‌كات

 

دانی زەکات پەرستنێکی داراییە خوا فەڕزی کردووە لەسەر بەندەکانی، تا دەروونیان پاک بکاتەوە لە چاوچنۆکی، و بۆ لێخۆشبونی ھەڵەکانیان, وەک لە قورئاندا باسکراوە، “خذ من أموالهم صدقة تطهرهم وتزكیهم بها” (التوبة : 103). واتە؛ لە ھەندێ ماڵ و سامانی ئەو (ئیماندارانە) زەکات و خێر وەربگرە، چونکە دەبێتە ھۆی خاوێن کردنەوەی ماڵەکانیان و پاککردنەوەی دڵ و دەروونیان.

خوا دوو زەکاتی لەسەر موسڵمانان فەڕز کردووە، زەکاتی سەر فیترە، کە لە دوای مانگی ڕەمەزان دەرئەکرێت، وزەکاتی پارە کە ڕێژەی %٢،٥ی پارەی پاشەکەوتکردووی ساڵانەیە کە سوڕێکی بەسەردا ڕۆیشت بێت (یان ساڵێک بەسەر پارەکە تێپەڕیبێت).

ھەروەک زەکات دەدرێت بە ھەژارە نەدارەکان و ئەم فەڕزە جێبەجێنابێت لەسەر ئەو کەسانەی کە ھیچ شتێکیان نیە، و ئیسلام سەربەستی ھەڵسوکەتی نەداوە بە موسڵمانان لەو بڕە دەرکروەدا, بەڵکو ھەشت ڕێگەی بۆ دیاری کردوون کە موسڵمان ئەتوانێت یەکێکیان ھەڵبژێرێت.


 

ڕۆژژوی ڕەمەزان

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : رۆژوو

 

ڕۆژوو بە ڕۆژووبونی مانگی ڕەمەزان ئەگرێتەوە, و ڕەمەزان لە ئیسلامدا بە وەرزێکی مەزن دادەنرێت کە پەرستنەکان تیایدا زیاد دەکات و مانگێکی پیرۆزە بەزەیی تیا دادەبەزێت و بەندە بەڵێنی خۆی لەگەڵ خوا نوێ دەکاتەوە، ھەروەک ڕۆژووی ڕەمەزان چەند فەزڵێکی ھەیە لە ئیسلامدا؛ ئەوەی کە بەڕۆژوو دەبێت خوا بە باوەڕ لێی وەردەگرێت و لە ھەڵە پێشووەکانی خۆش دەبێت و زۆر فەزڵی تر.

موسڵمان خۆ ئەگرێت لە خواردن و خواردنەوە و قسەی ناخۆش و پاشەملە باسکردن و ھەموو ئیشێکی ھەڵە لە ھەڵاتنی خۆرەوە (یان لە نویژی بەیانیەوە) ھەتا ئاوابوونی خۆر (یان نوێژی ئێوارە), و ڕۆژەکەی بەسەر دەبات بە یادی خوا و خوێندنەوەی قورئان و فێربوونی زانستەکان کە باوەڕی زیاد بکات بۆ ھەموو ساڵەکەی، وئەم فەڕزە بە جێناھێنرێت لەسەر کەسێک کە لە توانایدا نەبێت وەک نەخۆشێک کە باپەندی خواردنی چارەسەر بێت یان وەک برینی گەدە کە ناتوانێت بێ خواردن وخواردنەوە بمێنێتەوە….


 

حەج

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : حه‌ج

 

حەج سەردانی مزگەوتی حەرامە لەشاری مەککە وبەجێھێنانی حەج, خوا ئەمەی فەڕزکرووە لەسەر ھەر موسڵمانێک لە توانایدا بێت و خەرجیەکانی حەجەکەی پێ ھەڵبسوڕێت، وەک لە قورئاندا ھاتووە؛ {ولله على الناس حج البیت من استطاع إلیه سبیلا} (ال عمران :٩٧) واتە؛ خوای گەورەش بڕیاریداوە لەسەر خەڵکی حەج و سەردانی (بیت الحرام) بکەن بە تەنھا ئەوانەی کە توانای (دارایی و تەندروستیان) ھەیە،

و خوا حەجی فەڕز کردووە بۆ پاککردنەوەی دەروون ، و پەروەردەکردنی لەسەر ماناکانی پەرستش و گوێڕایەڵی و ئارامگری، ھەروەھا فرسەتێکی گەورەیە بۆ پاک بوونەوە لە گوناھەکان. وەک لەم فەرموودەیەدا ھاتووە “من حج هذا البیت فلم یرفث ولم یفسق، رجع كیوم ولدته أمه ” (رواه البخاری ومسلم) واتە؛ ئەوەی بێت بۆ ئەم ماڵە (واتە کەعبە) ڕەفتار و گوفتاری نابەجێ نەکات، گوناھـ وتاوان ئەنجام نەدات, ئەگەڕێتەوە ئەو دۆخەی وەکو تازە لە دایک بووبێت…


 

سەرچاوەکان

  • قرآن
  • صحیح البخاری
  • صحیح المسلم
  • سایتی ته‌نزیل

1,226 total views, 1 views today

About mamostamahde

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Facebook

Free Web Hosting