هه‌ینی , 19 نیسان 2024
وته زێڕینه كان

قورئان
————–

ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئیسلام كورد

قورئان بریتیە لە وتە و ڕاسپاردەی خوا کە نێردراوە بۆ پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)، وقورئان لە عەرەبیدا لە وشەی (قرء) وەرگیراوە کە بەمانای خوێندنەوە دێت، و بنچینەی ئەویش لە وشەی (القرء) وەرگیراوە کە بە مانای کۆکردنەوە و لە خۆگرتن دێت، و قورئان ناو نراوە بە قورئان لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک ئایەت و سورەتی زۆر لە خۆ ئەگرێت و کۆیان ئەکاتەوە.

پێشەکی

موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە قورئان کتێبی خوایە کە نێردراوە بۆ پێغەمبەر محەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) . لەبەر ئەوە لەو باوەڕەدان کە خوێندنەوە و گوێگرتن لێی و کار کردن پێی ھەمووی خواپەرستیە و موسڵمان لە خوا نزیک دەبێتەوە پێی و دڵنیا دەبێت. و زۆربەیان لەو باوەڕەدان کە بناغەی شارستانی و ڕۆشنبیریەکەیانە.

قورئان ئەدوێت لەبارەی بابەتی جۆراو جۆرەوە کە ژیانی مرۆڤ ئەگرێتەوە لە دنیا و ڕۆژی دوایدا، دنیا و ئاین لە ئیسلامدا بەیەکەوە بەستراون، و قورئان بناغەی بیروباوەڕی موسڵمان دائەنیت و بانگی خەڵک ئەکات بۆ پەرستنی خوا و گوێ ڕایڵ بوون و مل کەچ بوون بۆی و بیرکردنەوە لە دروستکراوانی، وئەدویت لە بارەی مافەکانی مرۆڤ و ئەرکەکانی بەرامبەر پەروەردگاری وخۆی و کۆمەڵگە و ئاینەکەی و ھەموو گەردوون. ھەروەھا قورئان ڕژێمێکی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات بۆ موسڵمانان، ھەروەھا ڕەوشت وئاکاری موسڵمان لە خۆ ئەگرێت وزۆر ئامۆژگاری و پەند لە ژیانی پێشینەکان باس ئەکات، وخەڵک ئاگادار ئەکاتەوە لە سزای ئاگر لە ڕۆژی دواییدا، و زۆلا بابەت و لێدوانی تر.

قورئان دابەش دەبێت بۆ ١١٤ بەش و بە ھەر بەشێک ئەوترێت سورەت، و ھەر سورەتێک دابەش دەبێت بۆ ژمارەیەک رستە و ووتە کە ناو دەبرێت بە ئایەت. و ھەموو سورەتێک بە دەربڕینی بسم اللە الرحمن الرحیم دەست پیدەکات بێجگە لە سورەتی تەوبە (سورە التوبە) کە بێ ئەو دەربرینە دابەزی، مانای ئەو دەربڕینەش (بە ناوی خوای گەورە ومیھرەبان)ە.

 

 

دابەزینی قورئان و کۆکردنەوەی لە یەک بەرگدا

زانایانی موسڵمان کۆکن لەسەر ئەوەی قورئان بە یەک جار دانەبەزیوە، و لە کاتی جیاوازدا ھاتۆتە خوارەوە لە ماوەی زیاد لە بیست ساڵ. کۆکردنەوەی قورئان لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیقدا کرا بۆ یەکەم جار. کۆکردنەوە بە مانای نوسین وتۆمارکردنی قورئان دێت، کە بە چوار قۆناغدا تێپەڕیوە:

  1. قۆناغی سەردەمی پێغەمبەرایەتی
  2. قۆناغی سەردەمی ئەبوبەکر
  3. قۆناغی سەردەمی عوسمان
  4. قۆناغی سەردەمەکانی دوای عوسمان

قۆناغی سەردەمی پێغەمبەرایەتی

نزیکەی ٦٠ کەسێک ھەبون کە پێغەمبەر محەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) لە ژیانی خۆیدا داینابوون بۆ نووسینەوەی قورئان، و دوای ئەوەی ئایەتەکانی بۆ ئەخوێندنەوە و پێی ئەوتن کە لە چ شوێنێک داینێن (لای چ ئایەت و لە چ سورەتێکدا)، لە سەردەمی پێغەمبەردا بە سێ شێوە قورئان ئەپارێزرا: بە لەبەرکردن، یان بە نوسینەوەی لەلایەن نوسەرانی وەحیەوە یان بە نوسینەوەی لەلایەن خەڵکی ترەوە جگە لە نوسەرانی وەحی، بەڵام لە لە ژیانی پێغەمبەردا قورئان لە یەک بەرگدا بە کۆیی نەنوسرایەوە.

قۆناغی سەردەمی ئەبوبەکر

لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر محەمەد زۆرێک لە عەرەبەکان لە ئاین پاشگەز بوونەوە، کە ئەبوبەکر بەرەنگاری ھەموویان بوویەوە لەوانەی کە بە تەواوی لە ئاین پاشگەز بووبونەوە، و ئەوانەی کە وازیان لە ھەندێک دین ھێنابوو وەک زەکەتدان، و ئەوانەش کە بانگەوازی پێغەمبەرایەتیان ئەکرد. بەم شێوەیە شەڕێکی گەورە ڕوویدا و لەو شەڕانەدا ژمارەیەکی زۆر موسڵمان بوونە قوربانی کە بە پێی گێڕانەوەیەک ٧٠ کەس لەوانەی ھەموو قورئانیان لەبەر بوو کوژران. ھەر لەبەر ئەوە عومەری کوڕی خەتاب پێشنیاری بۆ ئەبوبەکری سدیق کرد کە ھەموو قورئان لە یەک بەرگدا (مصحف) بنوسرێتەوە، بەم شێوەیە ئەبوبەکر لیژنەیەکی دروست کرد بۆکۆکردنەوەی قورئان کە لە عومەری کوڕی خەتاب و زەیدی کوڕی سابت پێک ھاتبوون بۆ کۆکردنەوەی قورئان. و ژمارەیەک لە ھاوەڵان دەست نیشان کران بۆ نوسینەوە. نزیکەی دوو ساڵ خەریکی کۆکردنەوەی ھەموو ئەو بەرگانەی قورئان بوون.

قۆناغی سەردەمی عوسمان

قورئان بەو شێوەیەی خۆی مایەوە وەک سەردەمی ئەبوبەکر، بەڵام دوای ئەوەی لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا فتوحاتی ئیسلامی فراوان بوو و بەردەوام لە زیاد کردندا بوو، خەڵکی عێراق و شام و ھەندێک ناوچەی تر، جیاوازی کەوتە نێوانیان لەسەر خوێندنەوەی ڕاستی قورئان بەم شێوەیەعوسمانی کوڕی عەفان لیژنەیەکی دروست کرد لە نوسەرەکانی وەحی سەردەمی پێغەمبەر، بۆ لەبەر گرتنەوەی ئەو نوسخەیەی قورئان کە لە سەردەمی ئەبوبەکردا ئامادە کرابوو. عوسمان ھەر قورئانێکی ئەنارد بۆ وڵاتێک کەسێکی شارەزای لەگەڵ ئەنارد بۆ ئەوەی خەڵک فێری چۆنیەتی خوێندنەوەی بکات و بۆیان ڕوون بکاتەوە.

قۆناغەکانی سەردەمی دوای عوسمان

ئەو قورئانانەی لە سەردەمی عوسماندا و پێشتریش نوسرابوونەوە، سەر و بۆریان نەبوو، بۆیە ئەو کەسانەی کە عەرەب نەبوون ئەکەوتنە ھەڵەوە لە کاتی خوێندنەوەی، ئەبو ئەسوەدی دوئەلی یەکەم کەس بووە کە دەستی کرد بە خاڵبەندی قورئان، بەم شێوەیە نوسینەوەی قورئان سەردەم دوای سەردەم جوانکاری و ئاسانکاری زیاتری بە خۆیەوە بینی.

زانستی قورئان

زانستی قورئان زۆر و ھەمەجۆرە، و زانایان بە شێوازی جیاواز بابەتەکانی قورئانیان دابەش کردووە، و گرنگترین پۆڵێن کردنی قورئان کە ھەموو ئەو باس و خواسانە لە خۆ ئەگرێت ئەمەی خوارەوەیە:

قورئان بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆر باس دەگرێتە خۆی:

  1. چەند باسێک وەک یاسا و ئەحکام داڕیژراون و کراونەتە ئەرک بە سەرشانی تاک و کۆمەڵەوە بۆ ئەوەی جێ بە جێ بکرێن. وەک باسە بیروباوەڕیەکان کە پەیوەندیان بە بیر و ھۆشەوە ھەیە، وباسە ڕەوشتیەکان کە پەیوەندیان بە ھەست و نەستی دڵەوە ھەیە، و باسە کرداریەکان کە پەیوەندی بە ھەڵسو کەوتەوە ھەیە.
  2. چەند بابەت و باسێک کە ئەو یاسایانەی وەرنەگرتووە کە ئەمانیش چیرۆک و پەند ھێنانەوە و سوێندەکانی قورئان و لێدوان و گفتوگۆ لە قورئاندا و ئیعجاز و پەیمان و ئاگادار کردنەوە و بەڵگەگانی دەروون و گەردون ئەگرێتەوە.

سورەتەکانی قورئان و ژمارەیان

ژمارەی سورەتەکانی قورئان ١١٤ سورەتن کە ئەوانیش:



















































































































  • درێژترین سورەتی قورئان سورەتی البقرەیە، وکورتترینی سورەتی الکوثرة
  • ھەندێک لە سورەتەکان زیاد لە ناوێکیان ھەیە بەڵام ئەوانەی کە لەسەرەوە ناویان ھێنراوە ناسراوترین ناویانن
  • ھەندێک لە سورەتەکان پێغەمبەر محەمەد خۆی ناوی ناوە، و ھەندێکی ھاوەڵەکانی ناویان ناوە.

دابەشکردنی قورئان

قورئان دابەش دەبێت بەسەر ٣٠ بەشدا، و سورەتەکانی قورئان دابەش دەبن بۆ سورەتی مەککی و مەدەنی، سورەتە مەککیەکان ئەو سورەتانەن کە پێش کۆچ کردن بۆ مەدینە دابەزیون وزیاتر باس لە بیروباوەڕ ئەکەن، و ژمارەیان ٨٦ سورەتە، و سورەتە مەدەنیەکان ئەوانەن کە لەدوای کۆچکردن دابەزیون و زیاتر باس لە شەریعەت و یاساکانی حەرام و حەڵاڵ ئەکەن و ژمارەیان ٢٨ سورەتە.

سەرچاوەکان

  • دەروازەیەک بۆ زانستەکانی قورئان، نوسینی/ ئیکرام کەریم
  • وێکپیدیای عەرەبی
  • وێکپیدیای ئینگلیزی

1,134 total views, 1 views today

About mamostamahde

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Facebook

Free Web Hosting