هه‌ینی , 29 ئازار 2024
وته زێڕینه كان

 

دەوڵەتی عوسمانی

ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئیسلام كورد

دەوڵەتی عوسمانی (بە تورکیی عوسمانی: دَوْلَتِ عَلِیّهٔ عُثمَانِیّه؛ بە تورکیی نوێ: Yüce Osmanlı Devleti) ئیمپراتۆریەتێکی ئیسلامی بوو کە لە ساڵی ١٢٩٩ەوە تا ساڵی ١٩٢٣، بۆ ماوەی نزیک بە ٦٠٠ ساڵ بەردەوام بوو و دەسەڵاتداریی ئەکرد. عوسمانی یەکەم کوڕی ئۆرتغرۆل دامەزرێنەری ئەو ئیمپراتۆریەتە بوو.

دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا گەیشتە لووتکەی ھێز و توانای خۆی. زۆربەی خاکی ھەر سێ قاڕەکانی جیھانی کۆن، واتە ئەورووپا، ئاسیاو ئەفریقای ئەگرتەوە، کە ھەموو ئاسیای ناوەڕاست، بەشێکی زۆری باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا، ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقای تێ ئەکەوت. ژمارەی ویلایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی ئەگەیشتە ٢٩ ویلایەت. دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو و پەیڕەویی شەریعەتی ئیسلامی ئەکرد. لەبەر ئەوە، سوڵتانەکانی نەوەی عوسمان نازناوی “پێشەوای باوەڕداران” و “خەلیفەی موسڵمانان”-یان ھەڵگرت. لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی یەکەم، لە ڕووی سیاسی و لەشکرییەوە، دەوڵەتی عوسمانی گەورەترین ھێز بوو و قوستەنتینیەی پایتەختی ڕۆڵی ئامرازی پێکەوەبەستنی ئایینی ئەبینی لەنێوان جیھانی ئەورووپای مەسیحی و ڕۆژھەڵاتی ئیسلامیدا. لە دوای سەردەمی سوڵتانی ناوبراو، کە بە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت، لاوازی و بێھێزی دوڵەتەکەی گرتەوە. وردە وردە، ھەرچەن چەند ماوەیەکی گەشەسەندن وچاکسازی تری بە خۆیەوە بینی، بەڵام، لە ئاستی ئەوەدا نەبوون بیگەڕێننەوە بۆ ئاستی پێشتری.

لە ساڵی ١٩٢٣ دەوڵەتی عوسمانی کۆتاییی پێ ھات و کۆماری تورکیا دامەزرا کە لە ئێستادا بە میراتگری ڕەسمیی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت.

 

 

مێژوو

نەژادی عوسمانییەکان

عوسمانییەکان ھۆزێکی تورک بوون، و تورکەکان سەرەتا لە ئاسیای ناوەڕاستدا نیشتەجێ بوون. کاتێک مەغۆلەکان بە سەرکردایەتیی ھۆلاکۆخان خۆراسانیان گرت، سولەیمان، باپیری عوسمان، ساڵی ١٢٢٠ کۆچی کرد بۆ وڵاتی ئەنادۆڵ و لە شاری ئەخلات نیشتەجێ بوون. لە دوای مردنی سولەیمان، ئۆرتغرۆلی کوڕی جێگەی گرتەوە و لەگەڵ ھۆزەکەیدا ڕۆیشت بۆ شاری ئەرزینجان کە مەیدانی شەڕی نێوان سەلجووقییەکان وخواڕەزمییەکان بوو. ئۆرتغرۆل لەپێناو بەرژەوەندی سوڵتان عەلائەددینی سەلجوقی، سوڵتانی قۆنیە کاری ئەکرد و یارمەتیی سوڵتانی ئەدا لە شەڕ دژی خواڕزمییەکاندا. لەبەر ئەوە، سوڵتان زەوییەکانی بۆ جیاکردنەوە لە سنوری خۆرئاوای ئەنادۆڵ و بەتەنیشتی ڕۆمەوە و ڕێگەی پێدان کە زەوییەکانیان فراوان بکەن لەسەر حسابی ڕۆم.


دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانی

عوسمانی یەکەم کوڕی ئۆرتغرۆل

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : سوڵتان عوسمانی یه‌كه‌م


سوڵتان عوسمانى یەکەم، دامەزرێنەرى دەوڵەتى عوسمانى

لە دوای ئۆرتغرۆل، عوسمانی کوڕی سەرکردایەتیی ھۆزەکەی گرتە دەست. عوسمان لە ساڵی ١٢٦٥، واتە ئەو ساڵەی کە مەغۆل بەغدایان داگیر کرد و خەلافەتیعەبباسییەکانیان ڕوخاند و کارەساتێکی گەورەیان بەسەر ھێنان، لەدایک بوو. چالاکییە سەربازییەکانی عوسمان ڕوویان کردە خاکەکانی بیزەنتی بۆ تەواوکردنی پەیامیدەوڵەتی سەلجوقی بە فەتحکردنی ھەموو خاکی بیزەنتیەکان. ئەو لاوازییەی ئەو کاتە دەوڵەتی بیزەنتیی گرتبۆوە یارمەتیی عوسمانی دا کە بە ئاسانی بە ئاراستەی ڕۆژئاوای ئەنادۆڵەوە بڕوات و لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە لێھاتووییی عوسمان لە دانانی سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتی بۆ میرنشینەکەی دەرکەوت. لەم سەردەمەدا عوسمانییەکان ھەنگاوێکی باشیان نا لە گۆڕان لە سیستەمی ھۆزەکییەوە بۆ سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتیی جێگیر. سوڵتان عەلائەددینی سەلجووقی پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانى عوسمان دەربڕی ونازناوی عوسمان پاشای لێنا.

دوای ئەوەی عوسمان پێی جێگیر کرد، لە میرنشینەکەی خۆیدا دەستی کرد بە فراوانکردنی وڵاتەکەی لەسەر حسابی بیزەنتیەکان. کاتێک مەغۆل دەستیان گرت بە سەر دەوڵەتی قۆنیەی سەلجووقییەوە، عوسمان خێرا سەربەخۆییی خۆی لە سەلجوقییەکان ڕاگەیاند، کە بەمەش بووە دامەززرێنەری ئەو دەوڵەتە تورکییە گەورەیە کە ھەر بە ناوی ئەوەوە ناونرا. عوسمان وەک سوڵتانێکی سەربەخۆ حوکمی دەوڵەتە نوێکەی ئەکرد. پاشان، لە ساڵی ١٣٢٦دا ئۆرخانی کوڕی شاری بۆرسەی فەتح کرد. ھەر لەو ساڵەدا، دوای ئەوەی کە بنەڕەتی دەوڵەتەکەی دانا و ڕێگەی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی بۆ کردەوە، عوسمان لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا مرد.

عوسمان نازناوێکی تری ھەبوو کە “قەرە عوسمان”ە بە مانای عوسمانە ڕەش؛ بەڵام لە تورکیی عوسمانیدا بە مانای “ئازا”، “گەورە”، یان “مەزن” دێت.


ئۆرخانی کوڕی عوسمان

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : ئۆرهان غازی


ئۆرخانى کوڕى عوسمان

ئۆرخان لەسەر ڕێڕەوی باوکی بەردەوام بوو لە فەتح و دەسەڵاتدا, وزۆر بە بەھێزی شانشینەکەی ڕێکخست, کردی بە چەند ولایەتێک و بۆرسەی کردە پایتەخت, سکەی پارەی لێدا, و سوپای ڕێکخست, لە لاوە مەسیحیە ڕۆمەکان سوپایەکی بەھێزیان دروست کرد بە سوپای ئینکیشاری ناسراوە, و ئۆرخان ڕاھێنانی بەو لاوانە کرد زۆر بە باشی وتایبەتمەندی گەورەی دا پێیان کە ئەمەش ھۆگر کردن بە بە کەسایەتی ئۆرخان و دڵسۆز بوون بۆی, ھەروەک ئۆرخان ئیشی کرد لەسەر فراوانکردنی دەوڵەتەکەی, لەبەر ئەوە ئاسایی بوو کە ناکۆکیەکی بەھێز دروستبوو لە نێوان عوسمانی و بیزەنتیەکان, لە ساڵی ١٣٣٧ز ھێرشی کردە سەر قوستەنتینیەی پایتەختی بیزەنتیەکان, بەڵام نەیتوانی بیگرێت, لەگەڵ ئەوەشدا ئەم غەزوە ترسی خستە دڵی ئیمپراتۆری ڕۆمەوە وھەوڵی ڕێکەوتنی دا لەگەڵ ئۆرخان و کچەکەی خۆی کردە ھاوسەری ئۆرخان, بەڵام ئەمەش نەبووە ڕێگر لە وەستاندنی عوسمانیەکان لەبەرەو پێشچوون, وپێیان جێگیر کرد لە نیمچە دوورگەی گالیبۆلی لە ساڵی ١٣٥٧ز, بەمەش جارێکی تر مەترسی عوسمانی بۆ سەر قوستەنتینیە دووبارەکرایەوە, لە سەردەمی ئۆرخاندا عوسمانیەکان یەکەم جێگیر بوونیان لە ئەوروپادا بینی, دەوڵەتی عوسمانی لە دیوارەکانی ئەنقەرە لە ئاسیای بچوکەوە تا تراقیا لە بەلقان درێژ ئەبووبەوە, وبانگەوازکاران بانگی دانیشتوانیان ئەکرد بۆ ئیسلام, ئۆرخان لە ساڵی ١٣٦٠ز کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی موردای یەکەم جێگەی گرتەوە.


 

مورادی یەکەم کوڕی ئۆرخان

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : مورادی یه‌كه‌م

شەرى قوسوە, بە فڵچەى ئادەم ستیڤانۆڤیچ

دەستپێکی ئیشەکانی موڕادی یەکەم گرتنی شاری ئەنقەرە بوو, پیاوێکی ئازا وتێکۆشەر و بەڕێز و لەخوا ترس بوو, یاسای خۆشئەویست و پەیڕەوی ئەکرد, دادپەروەربوو, سەرگەرمی غەزو ودروستکردنی مزگەوت وفێرگا وخوێندنگاکان بوو, بەرەو پێش چوو لە ئاسیای بچوک و ئەروپا لە ھەمان کاتدا, و ڕێکەوت لەگەڵ زۆر لە میرەکانی ئەنادۆڵ لە بەرژەوەندی عوسمانیەکان و ھەندێکیانی ناچار کرد واز لە دەستکەوتەکانیان بھێنن بەمەش زۆر لە دەستکەوتە تورکمانیەکانی خستە سەر دەوڵەتی عوسمانی, لە ئەوروپا ھێرشیان کردە سەر دەستکەوتەکانی بیزەنیەکان و شاری ئەدەرنەیان فەتح کرد لە ساڵی ١٣٦٢زدا, وموراد پایتەختی گواستەوە بۆ ئەدەرنە تا ببیتە خاڵی جوڵان و جیھاد لە ئەوروپادا, دواتر چەند شارێکی تریان فەتح کرد وەک سۆفیا وسالۆنیک, بەم شێوەیە قوستەنتینیە دەورەدرابوو بە عوسمانیەکان لە ھەموو لایەکەوە, لە ساڵی ١٣٨٥ز, ھێزە عوسمانیەکان لەگەڵ ھێزە سربیەکان بە یەکیاندا لە ناوچەی قوسوە کە ئێستا بە (کۆسۆڤۆ) ناسراوە, داستانێکی گەورە لە نیوانیان ڕوویدا کە بە سەرکەوتنی عوسمانیەکان کۆتایی ھات, بەڵام سوڵتان موراد لە کۆتاییدا کوژرا لە سەر دەستی یەکیک لە سەربازە بریندارە سربیەکان.


 

بایەزیدی یەکەم کوڕی موڕادی یەکەم

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : بایه‌زیدی یه‌كه‌م

سولتان بایەزیدى یەکەم, دیلە لاى تەیمورلەنگ بە فڵچەى ستانیسلۆ چلبۆسکى

لە دوای شەھیدبوونی موڕادی یەکەم، بایەزیدی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست, کە ئازا وبەڕێز وتێکۆشەر بوو لە پێناوی خوادا, گرنگیەکی زۆری دا بە کاروباری سەربازی وھەوڵیدا بۆ گرتنی میرنشینە مەسیحیەکانی ئەنادۆل ولە ماوەی یەک ساڵدا دەستی بەسەردا گرتن, بایەزید وەک بروسکە لە نێوانبەلقان و ئەنادۆڵ دا ئەجوڵا بۆیە ناونرا بە (ھەورە بروسکە), شاری ئەشھەری لە دەستی بیزەنتیەکان سەند کە دواین موڵکیان بوو لە ئاسیای بچوکدا, بە تەواوی بولگاری گرت, سیگسمۆندی پاشای مەجەر ترسا لە فروانبوونی عوسمانی, ھانای برد بۆ ئەورەپای ڕۆژئاوا وداوای لە پاپا (بۆنیفاسی نۆیەم) کرد کە ھێرشێکی خاچپەرستی نوێ بکەنە سەر عوسمانیەکان بۆ ڕێگرتن لەبەر پێشچوونیان بۆ ناوجەرگەی ئەوروپا, پاپای ناوبراو بەدەم داواکەوە چوو, لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرمانڕەواکانی فەڕەنسا وپاڤاریا ونەمسا وڕۆدس و کۆماری بوندقیە, وئینگلتەرا یارمەتی سەربازی پێشکەشکردن, ھەردوو سوپای عوسمانی و ئەوروپی ڕووبەڕووبونەوە لە ساڵی ١٣٩٦ز, وداستانێکی گەورە لە نێوانیان ڕوویدا وئەوروپیەکان تێک شکان وگەڕانەوە, بایەزید دووجار قوستەنتینیەی گەمارۆدا, بەڵام قەڵاکانی ڕێگر بوون لەبەردەم ھێرشە بەھێزەکانیدا, وبایەزید کاتێک گورزە نوێکانی وەشاندە ڕۆژئاوا, ئاگاداری ئەوەبوو کە مەغۆل ئامادەکاری ئەکەن بۆ ئەوەی ھێرشی بکەنە سەر لە ڕۆژھەڵاتەوە, بەتایبەت دوای ئەوەی پیاوێکی سەربازی بەھێزیان تیا دەرکەوت کە تەیمورلەنگبوو لە نەوەی جەنگیزخانەوە ھاتبوو, بایەزیدی ناوەندەکەی لە ئاسیای بچوک بەھێزکرد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تەیمورلەنگ, بەم شێوەیە فشاری عوسمانیەکان لەسەر بیزەنتیەکان کەم بوویەوە و ڕووخانی قوستەنتینیە لەسەردەستی عوسمانیەکان ٥٠ ساڵ دواکەوت, ولە ساڵی ١٤٠٢ز سوپای تەیمورلەنگ و بایەزید بەیەک گەیشتن لە (جوبق ئاباد) وداستانی تاحینە لە نێوانیان ڕوویدا کە عوسمانیەکان شکان وبایەزید بە دیل گیرا و مەغۆلەکان بردیان بۆ سەمەرقەندی پایتەختی دەوڵەتی تەیموری, دواین ڕۆژەکانی ژیانی لەوێ مایەوە ولە ساڵی ١٤٠٣ز کۆچی دوایی کرد.


 

محەمەدی یەکەم کوڕی بایەزیدی یەکەم

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : محه‌مه‌دی یه‌كه‌م
لە دوای مردنی سوڵتان بایەزید, دەوڵەتی عوسمانی بووە چەند میرنشبنێکی بچوک وەک ئەوەی دوای ڕوخانی سەلجوقیەکان ڕوویدا، زۆر لە ناوچەکان سەربەخۆیی خۆیان جیاکردەوە لە عوسمانیەکان, و ژمارەیەکی کەم وڵات مانەوە لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی عوسمانیدا, و ئەوەی زیاتر مەترسی دروست کرد کوڕەکانی بایەزید ڕێ نەئەکەوتن لەسەر جێگرتنەوەی یەکێکیان, و شەڕێکی زۆر لە نێوانیان ڕوویدا و دوایین سەرکەوتن نەسیبی محەمەدی کوڕی بایەزید بوو, کە ناسراوە بە محەمەدی یەکەم یان محەمەد چەلەبی, پیاوێکی دانا ووریا بوو وزۆر زانست وزانایانی خۆشئەویست وتوانی ھەندێک لە ناوچەکانی ئەنادۆڵ بگەڕێنێتەوە بۆ دەوڵەتەکە کە لە دەستی دابوون. لە ساڵی ١٤٢١ز کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا.

موڕادی دووەم کوڕی محەمەدی یەکەم

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : مورادی دووه‌م

موڕادی دووەم لە دوای مردنی محەمەد چەلەبی باوکی دەسەڵاتی گرتە دەست لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا کە زۆر تێکۆشانی لە ڕێگەی خوادا خۆشئەویست, و ناسرابوو بە خواپەرستی ودادپەروەری, توانی دەستبگرێت بەسەر ئەو کێشە ناوخۆییانەدا کە دوژمنەکانی عوسمانیەکان ئەیانویست ھەڵی بگیرسێنن, بەردەوام بوو لە گەڕانەوەی ئەو دەوڵەت و میرنشینانەی کە جیابووبونەوە لە دەوڵەتی عوسمانی, وگەمارۆی قوستەنتینەی دا بەڵام نەیتوانی بیگرێت, دواتر بەلقانی گەڕاندەوە بۆ دەسەڵاتی, زۆر شار و قەڵای گرت و ھەوڵی گرتنی بەلەگرادی دا, کە ئەم ھێرشە ئاگاداریەکی تازە بوو بۆ ئەوروپا لە مەترسی عوسمانی, ھێزە مەجەڕیەکان لە ھێزە عوسمانیەکانیاندا و تێکیانشکاندن ودەرئەنجام ڕۆحی خاچپەرستی زیندووبوویەوە لە ئەوروپا وجەنگی ئاینییان لە دژی عوسمانیەکان ڕاگەیاند.


سوڵتان محەمەد فاتیح

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : سوڵتان محه‌مه‌دی فاتیح

سولتان محەمەد فاتیح, کاتێک ئەچێتە قوستەنتینیە, بە فڵچەى فوستۆ زۆنارۆ

لە دوای مردنی موڕادی دووەم، محەمەدی کوڕی جێگەی گرتەوە, کە ناسراوە بە فاتیح و باوکی چاکەکان, بەھێزی ودادپەروەری بەیەکەوە کەسایەتی محەمەد فاتیحیان پێک ئەھێنا, لە تەسکترین خاڵ لە گەرووی بۆسفۆر قەڵایەکی بنیاتنا بەڕامبەر ئەو قەڵایەی بایەزیدی یەکەم لەسەر کەناری ئاسیا بنیاتی نابوو, لەم کاتانەدا ئیمپراتۆری قوستەنتینیە ھانای بردە بۆ وڵاتەکانی ئەوروپا کەس وەڵامی نەدایەوە تەنھا چەند شارێکی ئیتاڵیا نەبێت, وپاپا پشتگیری خۆی دەربڕی بە مەرجێک ھەردوو کەنیسەی ڕۆژھەڵات وڕۆئاوای ببنە یەک, قوستەنتین, ڕازی بوو, بەڵام خەڵک توڕە بوون لێی.

سوڵتان محەمەد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بیزەنتیەکان سوپایەکی گەورەی کۆکۆدەوە لە گەشتیگەلی گەورە وتۆپخانە, بەم شێوەیە لە وشکانی ودەریاییەوە گەمارۆی دان, ٥٣ ڕۆژ دوای گەمارۆ عوسمانیەکان چوونە شارەکەوە دوای ئەوەی بەشێکی زۆری دیوارەکانی دەوریان ڕووخاند, لەگەڵ بیزەنتیەکان بەیەکیاندا وکوشتارێکی توند ڕوویدا لە نێوانیان, کە ئیمپراتۆری بیزەنتی وزۆر لە سەربازەکانی تیاچوون, کاتێک فاتیح چووە شارەکەوە داوای لە سەربازەکانی کرد شەڕ ڕابگرن, دوای ئەوەی کە دەستی گرت بەسەر بەرگری بیزەنتیەکاندا و ئاڵای ئاشتی بەرز کردەوە, سوڵتان محەمەد ناونرا بە فاتیح و موسڵمانان زۆر دڵخۆش بوون پێی لەبەرئەوەی ئەمە ھاتنەدی فەرموودەیکی پێغەمبەریئیسلام بوو کە فەرموویەتی (فەتحی قوستەنتینیە ئەکرێت, باشترین ئەمیر ئەو ئەمیرەیە و باشترین سوپا ئەو سوپایەن), سوڵتان محەمەد پایتەختی گواستەوە لە ئەدرنەوە بۆ قوستەنتینیە و ناوەکەی گۆڕی بۆ (ئیسلامبۆل) واتە شاری ئیسلام یان تەختی ئیسلام, سەربەستی ئاینی وئاسایشی بەخشی بە مەسیحیەکان, وئەوانەی کە لە ترسا ڕۆیشتبوون داوای گەڕاندنەوەی لێکردن بۆ ماڵ وحاڵی خۆیان, ئیمپراتۆری بیزەنتی ڕوخا لەگەڵ فەتح کردنی شارەکەدا دوای ئەوەی یانزە سەدە بەردەوام بوو, وسوڵتان محەمەد بەردەوام بوو لە فەتحکردنی ئەوروپا, وڵاتی سربی گرت وفەتحی وڵاتی مورەی کرد لە باشوری یۆنان ھەروەک ھەرێمی ئەفلاق و وڵاتی بەشناق وئەلبانیای گرت وبوندقیەی مل کەچکرد و ئەنادۆڵی یەکخست لەڕێگەی دەستگرتن بەسەر ئیمپراتۆری تەڕابزۆنی ڕۆمی ومیرنشینی قەرمان, ھەروەھا سوڵتان محەمەد ھەوڵی فەتحی ئیتاڵیای دا, بەڵام مردن مەودای نەدا لە ساڵی ١٤٨١ز, عوسمانیەکان ئەو لایەیان بە جێ ھێشت.



 

سەردەمی بەھێزی وفراوانبون

بایەزیدی دووەم کوڕی محەمەد فاتیح

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : بایه‌زیدی دووه‌م

لە دوای مردنی سوڵتان محەمەد فاتیح, جم و بایەزیدی کوڕی بووە ناکۆکیان لەسەر تەختی دەسەڵات, بەڵام لە ئەنجامدا بایەزید سەرکەوت, سوڵتان بایەزید بە سوڵتانێکی میانڕەو ناسراوە ونەچۆتە شەڕەوە وەک بەرگریکار نەبێت, لەگەڵ کۆماری بوندقیە جەنگا لەبەر ئەو ھێرشانەی ئەیانکردە سەر گەشتیگەلەکانی لە وڵاتی مۆرە, وجەنگا لەگەڵ مەمالیکەکان کاتێک ویستیان کۆنترۆڵی ھەندێک لە ناوچەکانی دەوڵەتی عوسمانی بکەن, زۆر حەزی لە کۆڕی زانا وئەدیبەکان ئەکرد, و لە سەردەمەکەیدا غەرناتە دوایین قەڵای موسڵمانان لە ئەندەلوسڕوخا, چەند کەشتیەکی نارد بۆ گواستنەوەی ئەندەلوسییە موسڵمانەکان بۆ قوستەنتینیە وشارەکانی تر, ھەر لەم سەردەمەدا شیعەکان لە وڵاتی فارس دەرکەوتن کە سەفەوییەکان بوون, وتوانیان بە سەرکردایەتی شا ئیسماعیل مەترس بۆ عوسمانیەکان دروست بکەن لە ڕۆژھەڵاتدا,


 

سەلیمی یەکەم کوڕی بایەزیدی دووەم

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : سوڵتان سه‌لیمی یه‌كه‌م

شەرى چاڵدێران, لە ،یوان عوسمانیەکان وسەفەوییەکان.

لە کۆتایی سەردەمی بایەزیددا ناکۆکی لە نێوان کوڕەکانیدا دروست بوو لەسەر دەسەڵات گرتنە دەست, بایەزید خەلافەتی دا بە ئەحمەدی کوڕی, بەمەش کوڕەکەی تری (سەلیم) توڕەبوو, وشۆڕشی ڕاگەیاند بەسەر باوکیدا کە ئەم شۆڕشەش ھۆکاری سیاسی ومەزھەبی وبازرگانی ھەبوو, کاتێک سەفەوییەکان دەستیان کردبووە بڵاوکردنەوەی مەزھەبی شیعە لەسەر حسابی مەزھەبی سونە لە ئەنادۆڵدا, وڕێگەی بازرگانیان داخست لەگەڵ ھیند و ڕۆژھەڵاتی ئەقسا, وڕێگەیان لە ڕۆیشتنی ھۆزە تورکمانەکان گرت لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ ئەنادۆڵ و ئەوروپای ڕۆژھەڵات, وشا ئیسماعیل پشتگیری لە ئەحمەد ئەکرد بۆ حوکم گرتنە دەست, لەبەر ئەوە سەلیم بێدەنگ نەبوو لەم دەست تێوەردانەی سەفەوییەکان لە کاروباری عوسمانیەکان, وئینکیشاریەکانی سوپا فشاریان کردە سەر سوڵتان بایەزید تا لە دەسەڵات دابەزێت بۆ سەلیمی کوڕی, بایەزید کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٥١٢ز, سەلیم دوای ئەوەی تەختی دەسەڵاتی گرتە دەست, پێی خۆی جێگیر کردو لەگەڵ وڵاتەکانی ئەوروپا ڕێکەوت تا یەکلایی بێتەوە بۆ کێشەی سەفەوییەکان, کە مەترسیدارترین ئەزمە بوو ڕووبەڕووی عوسمانیەکان بێتەوە دوای داستانی ئەنقەرە, سەلیم براکانی ومناڵەکانی کوشتن تا ڕکەبەری نەبێت لە دەسەڵاتدا, ئاگربەستێکی دوور ودرێژی بەست لەگەڵ وڵاتەکانی ئەوروپای دەوروپشتیا, پاشان ڕوویکردە ڕۆژھەڵات بۆ ڕووبەڕونەوەی سەفەوی ومەمالیکەکان, شیعەکانی ئاسیای بچوک بە پاڵپشتی سەفەویەکان وەستان لە دژی دەوڵەتی عوسمانی, سەلیم دەستی بەسەر ئەم شۆڕشەدا کرد و شیعەکانی گرت وچل ھەزاری لێ لەناوبردن, پاشان ڕۆیشت بۆ ڕووبەڕوونەوەی شا, ھەردولا بەیەک گەیشتن لە شەڕى چاڵدێراندا, وسوڵتان سەلیم سەرکەوت لەم جەنگە گەورەیەدا وسەلیم ڕۆیشتە پێشەوە بەرەوە تەبرێزی پایتەختی سەفەوی ودەستی بەسەراگرت.

دوای سەرکەوتنیان بەسەر سەفەویەکاندا عوسمانیەکان ملیان بە مەمالیکەکان کەچکرد, دوای ئەوە کە داستانی مەرج دابق ڕوویدا لە نێوانیان, وبە سەرکەوتنی عوسمانیەکان کۆتایی ھات, پاشان ڕۆیشتن بەرەو میسر وجارێکی تر ڕووبەڕوەی مەمالیکەکان بوونەوە ولە داستانی ڕیدانیە سەرکەوتن بەسەریاندا وچوونە میسرەوە بەسەربەرزی, لەو کاتانەدا ناوچەی حیجاز ملکەچیان بۆ دەربڕی و لە ھەمان کاتدا دوایین خەلیفەی عەباسیەکان لە میسر دابەزی لە دەسەڵات بۆ سوڵتانە عوسمانیەکان, بەم شێوەیە سوڵتانە عوسمانیەکان بوونە خەلیفەی موسڵمانان وپێشەواى باوەڕداران, سوڵتان سەلیم کۆچی دوایی کرد لە ساڵی١٥٢٠ز.


سوڵتان سولەیمان قانونی

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : سوڵتان سوله‌یمانی قانونی

خیرەدین بەڕبەڕوس, کەشتیگەلى هاوپەیمانان تێک ئەشکێنێت, لە ساڵى ١٥٣٨ز.

لە دوای سوڵتان سەلیم, سولەیمانی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا, کە لە ڕۆژھەڵات بە (قانونی) ولەڕۆژئاوا بە (مەزن) ناسراوە وسەردەمەکی بە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی ناسراوە, سوڵتان سەلیم سەرگەرمی فەتحی ڕۆژھەڵات بوو لە ھەموو ژیانیدا, لەبەرئەوە ئاسایی بوو کە سوڵتان سولەیمانى کوڕى ڕووبکاتە ڕۆژئاوە بۆ تەواوکردنی ئەو فەتحانەی کە پێشینەکانی دەستیان پێ کردبوو, سولەیمان شاریبەلەگرادی گرت لە ساڵی ١٥٢١ز, پاشان دەستی گرت بەسەر دوورگەی ڕۆدس لە ساڵی ١٥٢٣ز, ھەروەک بەشی باشور وناوەڕاستی مەجەڕی خستە سەر دەسکەوتەکانی عوسمانیەکان بۆ ئەمەش سودی لە بارودۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی مەجەڕ وەرگرت وھەروەک بارودۆخی دەرەوەش گونجاو بوو.

لەشکری عوسمانی ومەجەڕ بەیەکیاندا لە دۆڵی موھاج لە مەجەڕ سالی ١٥٢٦ز, لە داستانێکدا کە ماوەی دوو سەعاتی خایاند, عوسمانیەکان سەرکەوتنێکی گەورەیان تیا بە دەست ھێنا وپێیان جێگیر کرد لە وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی زۆر, جان زابۆلیای پاشای ترانسلڤیای کردە فەرمانڕەوای, ھەر لەو کاتانە فەردینادی پاشای نەمسا وەفدێکی نارد بۆ لای سوڵتان تا دان بنێت بە موڵکی نەمسا لە مەجەر, سوڵتان گاڵتەی پێکردن و نوێنەرەکانی بەند کرد, دوای ماوەیەک کە ئازادی کردن نامەیەکی لەگەڵا ناردن بۆ پاشای نەمسا تا خۆی ئامادەکات بۆ ڕووبەڕونەوەی, سولەیمان لەگەڵ فەردیناد جەنگا بە سوپایەکی بەھێزەوە, سولەیمان رۆیشت بەرەو ڤێیەنا وگەمارۆی ئەم شارەی دا لە ناو جەرگەی ئەوروپا, کە ئازوقە بڕا لە سەربازە عوسمانیەکان وزستان ھات بەسەریاندا, لەبەرئەوە سوڵتان گەڕایەوە وڵاتەکەی خۆی, ولەساڵی ١٥٣٢ز جارێکی تر گەمارۆی ڤێیەنای دا, وئەمجارە ڕێکەوت لەگەڵ فەردیناند کە سوڵتان دان بنێت بە موڵکی نەمسا لە مەجەڕ لەبەرامبەر سەرانەیەکدا نەمسا بیدات بە دەوڵەتی عوسمانی, ئەم ڕێکەوتنەی لەبەر ئەوەکرد ئاڵۆزی کەوتە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تەماسبی کوڕی شا ئیسماعیل سەفەوی شای فارس, سوڵتان دەستى کرد بە ڕووبەڕوو بوونەوەى فارس وتەبرێزی پایتەختی فارسی گرت وپاشان بەغدای گرت وچووە ناویەوە زۆر بە شکۆ وسەربەرزیەوە. عوسمانیەکان لە ڕۆژانی سوڵتان سولەیمان چەند فەتحێکی دەریایی گەورەیان ئەنجام دا, بە چاکەی دەریاوان (خەیرەدین بەڕبەڕوس), کە لەڕۆژانی سوڵتان سەلیمدا جەزائیری خستە سەر دەوڵەتی عوسمانی, سوڵتان سولەیمان خیرەدینی کردە ئەمیری دەریایی لە ساڵی ١٥٣٣ز, جارێکی تر گەشتیگەلی عوسمانی زۆر ئازایانە ڕاپەڕاندەوە, توانی تونس لە ژێر دەستی ئیسپانیا دەر بھێنێت ومل کەچی کات بۆ دەوڵەتی عوسمانی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت, لە فەتحە دەریاییە گرنگەکانی سەردەمی سوڵتان سولەیمان, فەتحی تەڕابولسی ڕۆژئاوا بوو, سوڵتان سولەیمان کۆچی دوایی کرد ساڵی ١٥٦٦ز, ودەوڵەتی عوسمانی ئەو کاتە لە بەرزترین ئاستی تەواویدا بوو وبوونی پێویست بوو بۆ ھاوسەنگی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وئەوروپادا.


2,876 total views, 1 views today

About mamostamahde

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Facebook

Free Web Hosting