پێنج شه‌ممه‌ , 28 ئازار 2024
وته زێڕینه كان

 

خەلافەتی ڕاشدین

ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئیسلام كورد

خەلیفەکانى ڕاشدین ئەو چوار فەرمانڕەوا موسڵمانەن کە لەدواى مردنی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)، حوکمى موسڵمانایان کردووە.

پێرستی ناوى خەلیفەکان

ناوى خەلیفە ماوەى خەلافەت ژیانى
ئەبووبەکر کوڕی ئەبووقەحافە ١١ ک:١٣ ک 38 پێش ک تا ١٣ ک
عومەر کوڕى خەتاب ١٣ ک :٢٣ ک ٢٧ پێش ک تا ٢٣ ک
عوسمان کوڕى عەفان ٢٣ ک :٣٥ ک ٣٣ پێش ک تا ٣٥ ک
عەلى کوڕى ئەبووتالیب ٣٥ ک :٤٠ ک ١١ پێش ک تا ٤٠ ک


ئەبووبەکری سدیق

یەکێکە لەو ھاوەڵانەی کە ھاوڕێیەتی پێغەمبەری (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) کرد لەسەرتای ئیسلامەوە, و زۆر نزیک بووە لێوەی, یەکەم خەلیفەی ڕاشدین و یەکێکە لەو دە کەسەی مژدەی بەھەشتیان پێدراوە, ناسراوە بە سدیق لەبەر ئەوەی باوەڕی بە موحەمەد کردووە لە بەسەرھاتی ئیسرا و میعراج, ھەروەک باوەڕی بە ھەموو شتێکی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) کردووە, و لە کاتی نەخۆشی پێغەمبەردا, داوای لە ئەبوبەکر کرد نوێژ بە موسڵمانان بکات, ولەدوای کۆچی دوایی پێفەمبەر(صلی الله‌ علیه‌ وسلم) موبایەعەی خەلافەت درا بە ئەبوبەکر لە سەقیفەی بەنی ساعدە, لە ساڵی ١١ی کۆچی خەلافەتی گرتە دەست و بۆ ماوەی دوو ساڵ و چوار مانگ بەردەوام بوو, لە ماوەی دەسەڵاتیا شەڕی ڕەدە ڕوویدا, و فەرمانی بە کۆکردنەوەی قورئان کرد. کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٣ی کۆچی.

گرنگترین ڕووداوەکانى سەردەمى ئەبوبەکر

خه‌لافه‌تی ئه‌بوبه‌كر له‌ فراوانترین ئاستیدا، ساڵی 634ك
  • ناردنى هەڵمەتەکەى ئوسامەى کوڕى زەید: پیغەمبەر  (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  لە پێش مردنیدا هەڵمەتێکى سەربازى بە سەرکردایەتى ئوسامەى کوڕى زەید ئامادەکرد بە ئامانجى تۆڵە سەندنەوەى کوژراوانى جەنگى موتتە وتەمێ کردنى غەساسینە بینێرێت بۆ دەوروبەرى شام, کاتێک ئوسامە هەواڵى نەخۆشى پێغەمبەرى بیست سەنگەرى گرت لە نزیک مەدینە, ئەبوبەکر دواى ئەوەى موبایەعەى پێدرا فەرمانى دا بە سوپاکەى ئوسامە تا بە ئاڕاستەى خۆى بجوڵێت.
  • جەنگى هەڵگەڕاوەکان (ڕەدە): ژمارەیەک لە هۆزەکان دواى مردنى پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) پاشگەز بوونەوە لە دانى زەکات, وچەند کەسێک پەیدا بوون کە بانگەشەى پیغەمبەرایەتیان ئەکرد, بەم جۆرە مردنى پیغەمبەر دەرفەتى لەبەردەم ئیمان لاوازان ودوو ڕووان ودوژمنانى عەربەکانى دژ بە قوڕەیش ڕەخساند تا نیازو دیدى جیاوازى نیشان بدەن, ئەبوبەکر بە دلێرى و نەبەردیەوە بەرەنگارى هەڵوێستى هەڵگەڕاوەکان وبانگەشەکەرانى پێغەمبەرایەتى وزەکات نەدەران بوویەوە وبەسەریان سەرکەوت وتوانى لەناویان ببات.
  • جەنگى زاتو سەلاسیل: جەنگێک بوو لە نێوان فەرمانڕەواى فارسى وویلایەتى حیرە کە هەوڵیدا پێشڕەوى ئیسلام بوەستێنێت, بەڵام هێزى موسڵمانان بە سەرکردایەتى خالید کوڕى وەلید توانیان توشى شکستى بکەن, ئەو جەنگە بەو ناوە ناونراوە لەبەر ئەوەى هێزە فارسیەکان لە ترسى ڕاکردنى سەربازیەکانى بە زنجیر بەیەکەوە بەسترابوون.
  • جەنگى ئەجنادەین, جەنگیکى گەورە بوو لەنێوان بیزەنتیەکان وموسڵماناندا لە بەرەى شام وبەسەرکەوتنى موسڵمانان کۆتایی هات.
دووەمین و بەھێزترین خەلیفەی ڕاشدینە و یەکێکە لەو دە کەسەی مژدەی بەھەشتیان پێدراوە, خەلافەتی گرتە دەست بە داوای ئەبوبەکر و موبایەعەی ھاوەڵەکان, سەردەمی عومەر ناسراوە بە فراوانبوونی دەوڵەتی ئیسلامی کە فەتحی شام ومیسر وئەرمینیا وفارس وقودسی کرد و مزگەوتی ئەقسا بۆ یەکەم جار کەوتە دەستی موسڵمانان, سەردەمی عومەر ئەناسرێت بە سەردەمی فتوحات ودادپەروەری وسەردەمی زێڕینی دەوڵەتی ئیسلامی, چەندین ناوەند ودەزگای بۆ خزمەتی موسڵمانان بۆ یەکەم جار بنیاتنا, شەھید کرا لە ساڵی ٦٤٤ز.

گرنگترین ڕووداوەکانى سەردەمى عومەر

خەلافەتی عومەری کوڕی خەتاب لە فراونترین ئاستیدا
  • جەنگى پرد (الجسر): جەنگێک بوو لە نێوان فارس و موسڵماناندا, کە موسڵمانان پاشەکشەیان کرد.
  • جەنگى بوەیب: لە دواى جەنگى پرد خەلیفە عومەر یارمەتى نارد بۆ موسڵمانان ولە جەنگێکدا لە بوەیب ڕووبەڕووى فارسەکان بوونەوە وسەرکەوتنێکى ڕوونیان بە دەستهێنا.
  • جەنگى قادسیە: بە سەرکەوتنێکى یەکلایی موسڵمانان لە ململانێیان لەگەڵ فارس وگورزێکى کوشندەى دژ بە دەوڵەتى فارسى لە عیراقدا دائەنرێت, دواى ئەوەى عومەر سوپایەکى بە سەرکردایەتى سەعدى کوڕى ئەبو وەقاس نارد بۆ یارمەتى هێزى موسڵمانان لەعێراق, سەعد لە قادسیە سەنگەرى گرت و ڕووبەڕوو بونەوە لەگەل سوپاى فارس بە سەرکردایەتى سەرکردەى ناسراوى فارس ڕۆستەمى کوڕى هورمز, جەنگەکە بە سەرکەوتنى موسڵمانان وکوژرانى ڕۆستەم کۆتایی هات.
  • فەتحکردنى مەدائین: پایتەختى یەزدوگوردى پاشاى فارس بوو وموسڵمانان فەتحیان کرد.
  • فەتحکردنى جەلەولا وحەلوان: دواى ڕوخانى پایتەختەکەى یەزدگورد سوپایەکى نارد بۆ جەلەولا ولەگەڵ موسڵمانان بە یەکیاندا وموسلمانان دەریان کرد وکە هەواڵى شکستەکە گەیشت بە یەزدگورد کە لە حەلوان بوو پاشەکشەى کرد بۆ ڕەى بۆ باکورى فارس وسەعد فەتحى ناوچەکانى ترى عێراقى کرد وەک (تکریت وموسڵ وماسبازان وقرقیسیا وهیت ودست میسان).

شوێنى جەنگى قادسیە, لە نەخشەکەدا هێزى موسڵمانان بە سور دیارى کراوە بە بەرامبەریدا هێزى ساسانیەکانە بە شین.
  • فەتحکردنى ئەهواز: هەر لە پێشرەوى موسڵماناندا لە سنورى فارس فەتحى ئەهواز وڕامهورز وتوستەر کران.
  • جەنگى نەهاوەند: جەنگێک بوو لە نێوان فارس وموسڵماناندا لە نەهاوەند, ئەم جەنگە بە کۆتایی جەنگە گەورەکانى مێژووى فتوحاتى ئیسلامى لە فارس دائەنرێت و بە (فەتحولفتوح) ناوى دەبەن, چونکە رێگەى لەناوبردنى کیسراکانى کردەوە لەبەردەمیاندا وبەدوایدا چەند شارێکى فارسەکان لە چەند لایەکى یەک لە دواى یەکدا ڕوخان وەک ئەسفەهان وڕەى وئازربایجان و باب وخۆراسان. کاتیک یەزدگورد بەم سەرکەوتنەى موسلمانانى زانى وەک پەنابەر لە سەمەرقەند دابەزى وبەمەش دەوڵەتى کیسراى ساسانیەکان بە تەواوى کۆتایی پێهات.
  • فەتحکردنى حەلەب ودیمەشق وحەفل: خەلیفە عومەر نەخشەیەکى سەربازى بۆ فەتحى شام دانا و لە ئەنجامدا فەتحى فەحل ودیمەشق وبەعلبەگ وحومس کرا.
  • جەنگى یەرموک: جەنگێکى قورس بوو لە نێوان بیزەنتیەکان وموسڵمانان کە ماوەى حەوت ڕۆژ بەردەوام بوو, دەرئەنجام بە سەرکەوتنى موسڵمانان بە سەرکردایەتى خالید کوڕى وەلید کۆتایی هات.
  • فەتحى بەیتولمەقەدەس: دواى شەڕى یەرموک دەسەڵاتى بیزەنتیەکان لە بەردەم موسڵمانان داڕما, وموسڵمانان پێشڕەوى فەتحکردنى ناوچەکانیان کرد تا گەیشتنە فەتحى بەیتولمقەدیس خودى خەلیفە عومەر شارەکەى لە دەستى بەتریک سفونیوس وەرگرت.
  • تەواوکردنى فەتحى هەموو شام: هیرقلى پاشاى ڕۆم لە وڵاتى شام بەرەو قوستەنتینیە گەڕایەوە وماڵئاوایی لە سوریا کرد.
  • فەتحى جەزیرەى فوراتى: فەتحکردنى ئەم جەزیرەیە پێویست بوو بۆ پاراستنى دەسکەوتى موسڵمانان لە شام, ولەماوەى دوو ساڵدا فەتحى هەموو جەزیرەکە کرا.
  • فەتحکردنى قەڵاى بابلیۆن: موسڵمانان بە سەرکردایەتى عەمرى کوڕى عاس لەگەڵ سوپاى بیزەنتیدا بەیەکیاندا, موسڵمانان لە دوایدا توانیان قەڵاى بابلیۆن فەتح بکەن.
  • فەتحکردنى ئەسکەندەریە, موسڵمانان دواى ئەوەى گەمارۆیان لەسەر دانا توانیان فەتحى بکەن.
  • دەستگرتنى تەواو بەسەر میسردا.

خەلافەتى عوسمانى کوڕى عەفان لە فراوانترین ئاستیدا, ساڵى ٦٥٥ک

سێیەم خەلیفەی ڕاشدین و یەکێکە لەو دە کەسەی مژدەی بەھەشتیان پێدراوە, حوکمی گرتە دەست لە دوای عومەر کاتێک لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا بوو, لە سەردەمی عوسماندا موسڵمانان قوبرسیان فەتح کرد و یەکەم کەشتیی دەریایی ئیسلامی دروستکرا بۆ ئەوەی سنورێک دابنێت بۆ پەلاماردانی بیزەنتیەکان لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست, ھەروەک لە سەردەمی عوسماندا قورئان لە یەک بەرگدا کۆکرایەوە و چەندین چاپی لێگیرایەوە, کوژرا بە شێوەیەکی ئازاراوی لە مەنزڵگاکەی خۆیدا.

گرنگترین ڕووداوەکانى سەردەمى عوسمان

  • چەند هەڵمەتێک لە خۆراسان وئەرمینیا وئاسیاى بچوک: کاتێک عوسمان خەلافەتى گرتە دەست چەند هەرێمێک ڕاپەڕینیان کرد, خەلیفە عوسمان سوپاى بۆ ناردن ملکەچى کردن و گێڕانیەوە بۆ ژێر دەستى دەوڵەت, لەوانە, گێڕانەوەى هەمەدان وجەنگى ڕەى و فەتحکردنەوەى ئەسکەندەریە وئازربایجان وئەرمینیا.
  • درێژەدان بە فەتحى ئیسلامى: لە درێژەى فەتحى موسڵمانان چەند ناوچەیەک فەتحکران وەک (داربجرد وتەبەرستان وجۆرجان وجوزجان وتالقان).
  • کۆنترۆڵى دوورگەى قوبرس: موعاویەى کوڕى ئەبوسوفیان بە هاندانى عوسمان دوورگەى قوبرس و پاشان دوورگەى سەقڵیەى فەتح کرد.
  • جەنگى زاتوسەواڕى: یەکەم شەڕى دەریایی موسڵمانان بوو دژى بیزەنتیەکان وموسڵمانان سەرکەوتن وئەو جەنگە بەو ناوە ناونرا چونکە بەلەمى بچوک زۆر لەو جەنگەدا بەکار هاتبوون.
  • ودروستبوونى ناڕەزایی دژى عوسمان وئاژاوەى کوشتنى عوسمان ڕوویدا.

کوڕی مامی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) و چوارەم خەلیفەی ڕاشدینە, موسڵمانان موبایەعەیان پێدا لە دوای کوژرانی عوسمان, لەگەڵ گرتنە دەسەتی دەسەڵاتدا والیە کۆنەکانی لادا و کەسانی تری لە شوێنیان دانا, لە ماوەی دەسەڵاتیا ئاژاوە و شەڕ روویان دا کە گاریگەریەکی گەورەیان لە سەر داھاتووی مێژووی جیھانی ئیسلامی ھەبوو وەک شەڕی جەمەل لە دژی تەڵحە و زوبێر و عائشەی کچی ئەبوبەکر کە داوای تۆڵە سەندنەوەی عوسمانیان ئەکرد و کۆتایی ھات بە کوژرانی تەڵحە وزوبێر وسەرکەوتنی عەلی, و شەری سەفین ڕوویدا لە دژی معاویەی کوڕی ئەبو سوفیان, کە ئەویش داوای خوێنی عوسمانی ئەکرد, عەلی کوژرا بە پێی پیلانی خواریجیەکان وبە مردنی عەلی خەلافەتی ڕاشدین کۆتایی پێھات.

گرنگترین ڕووداوەکانى سەردەمى عەلى

دەوڵەتى ئیسلامى لە سەردەمى عەلى کوڕى ئەبوتالیب, ناوچەى ڕەنگە سەوزە کاڵەکە بە تەواوەتى لە ژێر دەسەڵاتى عەلیدا نەبووە.
  • داستانى جەمەل: عائشە ناڕەزایی دەربڕى بە شەهید بوون وشێوازى شەهیدبوونى عوسمان چونکە هیچ بیانویەک بۆ بۆ ئەو کارە دوژمنکارانە لەو وڵاتە پیرۆزەدا نەبوو دواى ئەوەى عوسمان بەڵێنى چاکسازى پێدابوون, تەڵحە وزوبێر چوونە پاڵ عائیشە وبەرەو
  •  بەسرە ڕۆیشتن بۆ تۆڵەسەندنەوەى عوسمان, عەلی دوایان کەوت وشەڕێک روویدا لە نێوانیاندا کە بە کوژرانى تەڵحە وزوبێر کۆتایی هات وعائشە لەگەڵ محەمەدى کوڕى ئەبوبەکرى برایدا گەڕانەوە بۆ مەدینە, ئەم شەڕە بە جەمەل ناو دەبرێت لەبەرئەوەى لەسەر ئەو وشترە جەختکراوەتەوە کە عائشەى لەسەر بوو لە کەژاوەکەیدا.
  • گۆڕینى پایتەخت لە مەدینەوە بۆ کوفە: خەڵکى کوفە لە شەڕى جەمەلدا پشتى عەلیان گرت, لەبەر ئەوە وەک وەفاداریەک بۆ خەڵکى کوفە خەلیفە عەلى پایتەختى گواستەوە لە مەدینەوە بۆ کوفە.
  • داستانى سەفین: معاویەی کوڕی ئەبو سوفیان والی شام بوو لە سەردەمی عوسمان, و کاتێک عەلی بڕیاری لابردنی والیەکانى عوسمانى دا, معاویە ڕەفزی کرد و ھەروەک ڕێگەی نەدا موبایەعە بە عەلی بدرێت وداوای حەق سەندنی عوسمانی کرد, لە دوای شەڕی جەمەل عەلی نوێنەری ناردە لای موعاویە کە موبایەعەی پێ بدات, بەڵام موعایە ڕەتی کردەوە, عەلی بە لەشکرەکەیەوە ڕۆیشت بەرەو شام و سوپای ھەردوو لا بە یەک گەیشتن لە ناوچەی سەفین, دواتر وتوێژ دەستی پێکرد لە نێوانیان بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ بەڵام ھیچ ئەنجامێکی نەبوو, و معاویە توانی کۆمەڵێک سەرکەوتن بەدەست بھێنێت و لەگەڵ شامدا میسریشی گرتە دەست.
  • داستانى نەهرەوان: سەربازەکانی عەلی لەو قسەی خواریجیەکان دەرچوون کە داوایان لێ ئەکردن معاویە بکوژن لەبەر ئەوەی کافر بووە کە لە فەرمانی خەلیفە دەرچووە, و پاشان چوونە لای عەلی بۆ ھەمان مەبەست داوایان لێکرد معاویە بکوژێت, عەلی ڕەتی کردەوە, کە ئەمەش بووە ھۆی پاشگەزبوونەوەی خەواریجیەکان لە سوپای عەلی, دواتر عەلی لە خەواریجیەکانی دا و شکاندنی لە جەنگی نەھرەواندا

فراوانبوونى سەربازى

سەردەمى خەلافەتى ڕاشدین, دەوڵەتى ئیسلامى بە هێزترین دەوڵەت بوو لە ڕووى سەربازیەوە لە کاتانەدا فراوانترین ڕووبەرى هەبوو, کە دەوڵەتى ئیسلامى حیجاز وشام ومیسروعێراق وفارس وخۆراسانى لە خۆ ئەگرت. سوپاى خەلافەتى ڕاشدین یان سوپاى موسڵمانان لە سەردەمى خەلافەتى ڕاشدین, هەیئەیەکى سەربازى سەرەکی بووە لە سەرەتاى فەتحە ئیسلامیەکاندا لە سەدەى حەوتى زاینى, ئەو کاتانە سوپاى ئیسلام دەرکەوت وەک ئاستێکى بەرزى ڕێکخستن و یەکێک بوو لە بەهێزترین سوپاکانى جیهان لە هێز وچالاکیدا. قەبارەى سوپاکە ١٣,٠٠٠ سەرباز بوو لە ساڵى ٦٣٢ز, بەڵام لەگەڵ فراوانبوونى خەلافەتدا, سوپا فراوان بوو تا ئەگەیشتە ١٠٠,٠٠٠ سەرباز لە دەوروبەرى ساڵى ٦٥٧ز, ولە سەرکەوتوو ترین سەرکردەکانى سوپاکە, خالید کوڕى وەلید کە سەرکردەى فەتحى ئیسلام بوو بۆ وڵاتى فارس وسوریا, هەروەها عەمرى کوڕى عاس, سەرکردەى فەتحى ئیسلامى بوو بۆ میسر.

ڕێکخستنى سوپا

خەلیفە عومەر یەکەم فەرمانڕەواى موسڵمانان بوو کە سوپاى ڕێکخست وەک دەزگایەکى دەوڵەت, و ئەم چاکسازیە لە ساڵى ٦٣٧ز دا بوو, لە سەرەتادا لە هۆزى قوڕەیش وپشتیوانان پێک دەهات, وئەم ڕژێمە گەشەى کرد تا هەموو نیمچە دوورگى عەرەبى گرتەوە لەو خاکانەى فەتح کراوان, هەموو ئەوانەى ئەتوانن بەشدارى شەڕ بکەن ناویان تۆمار کرا وخشتەى ئاستە جێگیرەکان دیار کرا, وئەو پیاوانەى ناویان تۆمار کرا بۆ خزمەتى سەربازى دوو بەش بوون,

  1. ئەو پیاوانەى سوپاى یاسایی پێک دەهێنن.
  2. ئەو پیاوانەى لە ماڵى خۆیان ئەژین, بەڵام لە کاتى پێویستیدا بانگ دەکرێن.

موچەیان ئەدرێتێ لە سەرەتاى مانگى موحڕەم, وزیادەکەیان وەرئەگرن لە وەرزى درەودا.ومۆڵەت دەدرێت بە پیاوەکان لە کاتى دیارى کرودا, ئەو هێزانەى لە ناوچە دوورەکاندا کۆبوونەتەوە, چوار مانگ جارێک مۆڵەت وەرئەگرن.

هەموو دەستەیەکى سوپا ئەفسەرێکى خەزانە و ژمێریار و قازى وژمارەیەک وەرگێڕیان لەگەڵدا بووە هەروەها پزیشک و تیمارکەر. بزوتنەوە سەربازیەکان بە پێی وەرزەکان ڕێکئەخران, لە وڵاتە ساردەکاندا لە وەرزى هاویندا ڕێک ئەخرا, ولە وڵاتە گەرمەکاندا لە زستاندا ڕێک ئەخران, ولە بەهاردا هێز ئەنێران بۆ ئەو وڵاتانەى کەش وهەوایەکى باشى هەیە.

بە پێى زانیاریەکان هەموو سەربازێک ئەبێت کە چەند شتێکى تایبەتى لەگەڵ خۆى بپارێزێت, لەوانەش مقەست وهەندێک لۆکە وجانتاى خواردەمەنى و…هتد. وزانیارى تایبەت دەرچوو لە خەلیفە عومەرەوە داواى خوێندن و ڕاهێنانى سەربازەکان ئەکاتەوە لەسەر چوار شت, ئەوانیش, ئەسپ سوارى, ونیشانە گرتن ومەلەوانى وڕۆیشتنى پێخاوسى بوون.

 

ڕژێمى کۆمەڵایەتى

لە سەردەمى خەلیفە عومەردا بیت المال (خەزێنەى دەوڵەت) بنیاتنرا وفراوانکرا ودەزگایەکى بنیاتنا بۆ بەڕێوەبردنى دارایی دەوڵەتەکە. لە ماوەى فەتحەکاندا, ولەزۆربەى حاڵەتەکاندا, خەلیفەکان ئاگادارى خەرجى وبنیاتنانى پرد وڕێگاکان بوون.

نیشتەجێبوون

  • ناوچەى بەسڕە چڕى دانیشتوانى کەم بوو کاتێک فەتح کرا لەلایەن موسڵمانانەوە لە سەردەمى خەلیفە عومەردا, بە باشیان زانى کە بیکەنە بنکەیەک بۆ موسڵمانان ودواتر لە ناوچەکە نیشتەجێ بوون ومزگەوتیان تیا بنیاتنا.
  • کاتێک فەتحى مەدیەن کرا موسڵمانان نیشتەجێ بوون تیایدا, خەلیفە عومەر بڕیارى نیشتەجێبوونەوەى ٤٠,٠٠٠ کەسى دەرکرد لە کوفە, دەستیان کرد بە دروستکردنى بیناى نوێ بە خشتى قوڕ لە جیاتى قامیش کە زۆر لە ناوچەکەدا بڵاو بوو بەڵام زوو گڕى ئەکرد.
  • لە کاتى فەتحى میسردا, موسڵمانان ناوچەى فوستاتیان بەکار هێنا وەک بنکەیەکى سەربازى, ودواى فەتحى ئەسکەندەریە موسڵمانان گەڕانەوە بۆ فوستات ودواتر بینایان تیا دروستکرد.

سەرچاوەکان

  • پوختەى میژووى ئیسلامى، نوسینى د. سهیل طقوش
  • ویکیپیدیاى ئینگلیزى
  • وێکیپیدیاى عەرەبى

صفحات سایت

1,032 total views, 1 views today

About mamostamahde

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Facebook

Free Web Hosting